زانایانی بەڕیتانیا توانیویانە روخساری ژنە نیاندەرتاڵێک درووستبکەنەوە کە 75 هەزار ساڵ لەمەوپێش لە کوردستان ژیاوە.
کارەکە لەلایەن تیمێک لە زانایانی هەردوو زانکۆی کامبریدج و لیڤەرپوڵ ئەنجامدراوە، کە توانیویانە روخساری ژنێکی نیاندەرتاڵ درووستبکەنەوە کە 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە کوردستان ژیاوە.
لە ئەشکەوتی شاندەر دۆزراوەتەوە
بەپێی زاناکان، تەمەنی ژنەکە 40 ساڵان بووە لەکاتی مردنی، لە ساڵی 2018 پاشماوەی ئێسکە پەیکەرەکەی لە ئەشکەوتی شاندەر لە هەرێمی کوردستان دۆزراوەتەوە، ئەویش دوای تێپەڕینی 75 هەزار ساڵ، کە دواتر بە (شانەدەر Z) ناسراوە.
بۆ درووستکردنەوەی روخساری ئەو ژنە، زاناکان بۆ ماوەی نۆ مانگ گەڕاون تا توانیویانە تەواوی ئێسکەکانی کەللەسەری بدۆزنەوە، دواتریش لە پێشهاتێکی نوێدا، رووخسارییان دۆزیوەتەوە.