پزیشكێكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی ژنان، منداڵبوون و نەزۆكی لەبارەی پەستانی خوێن لەماوەی دووگیانیدا زانیاری و هۆكار و چارەسەرە پێویستەكان دەخاتەڕوو.
كەژان كاوە تەها، پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی ژنان، منداڵبوون و نەزۆكی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" زۆرجار خانمان پرسیاری ئەوە دەكەن كە ئایا دابەزینی پەستانی خوێن ئاساییە لەكاتی دووگیانیدا، بۆ ئەم پرسیارەش دەتوانین بڵێین دابەزینی پەستانی خوێن بە یەكێك لە گۆڕانكارییە ئاسایی و فسیۆلۆجییەكان دادەنرێت لەماوەی دووگیانی و زۆربەی جار ئاساییە".
هۆكارەكانی دابەزینی پەستانی خوێن دەگەڕێتەوە بۆ:-
- بەرزبوونەوەی هۆرمۆنی پرۆجسترۆن، كە ئەبێتە هۆی فراوانبوونی بۆرییەكانی خوێن و لە ئەنجامی ئەمەشدا پەستانی خوێن كەم دەكات.
- لەسەرەتای دووگیانیدا دڵ تێكەڵهاتن یان رشانەوە و كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكان.
- گەشەكردنی كۆرپە.
پێویستە لەم بارودۆخەدا چی بكرێت؟!
1. باشتر وایە راوێژ بە پزیشكەكەت بكەیت و پشكنینی پێویست ئەنجام بدرێت بۆت بۆئەوەی دڵنیابیت لەوەی هیچ كێشەیەكی تەندروستیت نییە وەكو نەخۆشی دڵ، كوێرەڕژێنەكان یان خوێنبەربوون و هتد...
2. شلەمەنی و ئاو زۆر بخۆرەوە.
3. زوو زوو ژەمی بچوك بخۆ.
4. لەناكاو هەڵمەستە كاتێك پاڵكەوتبیت یان دانیشتبیت.
5. بۆماوەیەكی زۆر بەپێوە مەوەستە.