قوباد تاڵەبانی: دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن، زیانی گەورە بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت

کوردستان پێش 2 هەفتە

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

قوباد تاڵەبانی، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا رایگەیاند، دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن، زیانی گەورە بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت.

ئەمڕۆ شەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا (سێنات) کە پێکهاتبوو لە سیناتۆر تێد باد، سیناتۆر جۆنی ئێرنتس و شاندی یاوەریان، کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی دیدارەکە، وەفدەکەی سێنات پشتگیری ئەمریکایان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد سەردانەکەیان نیشانەی پابەندیی ئەمریکایە بە گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

بە تایبەتیش لە رووبەڕوونەوەی تیرۆر

هەروەها، جێگری سەرۆک وەزیران، سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئەمریکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە رووبەڕوونەوەی تیرۆر و پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا.

لە هەمان کاتدا، باسی دۆخی ئاسایشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان گرنگ و پێویستە بۆ رووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر، بەوپێیەی هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە

لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی هەڵبژاردن رایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن، زیانی گەورە بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت و جگە لەوەش پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم دەخاتە مەترسییەوە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداش.

هەموو هەوڵێک دەدەین کێشەی مووچە چارەسەر بێت

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا قوباد تاڵەبانی وتیشی: بەرەوپێشچوون لەبارەی پرسی بودجەی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەیە، هەموو هەوڵێک دەدەن ئەم کێشەیە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا