وا بڕیارە سبەی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تاران بکات.
ئەمشەوی شەممە، میدیای پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، سبەی یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێران دەکات و لەگەڵ عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران کۆدەبێتەوە.
هەروەها، باس لەوەش کراوە کە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و باسی لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران کردووە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لە تەوەرەکان
بە گوێرەی زانیارییەکان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکرات و کۆماری ئیسلامی ئێران تەوەری گفتوگۆکان دەبێت.