وەزارەتی ناوخۆ: رێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەک ئەم سەقامگیرییە تێک بدرێت

کوردستان 10/06/2021

Alternate Text

وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، پاراستنی ئارامی وسەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی هێڵی سوورە و رێگا نادەن لە ژێر هیچ بیانوویەک ئەم سەقامگیرییە تێکبدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لە بارەی شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەکەوە لە رۆژانی رابردوودا بڵاوکردەوە

ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکەیەتی:

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار چەکدارانی پەکەکە پەلاماری ھێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر وپێشمەرگەیان شەھید و بریندار کردووە و ھەموو ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئارامی وئاسایشی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لە ڕۆژانی رابردووشدا شەش پێشمەرگەیان شەھید کرد و چەندین پێشمەرگەی تریش بریندار بوون .
چەندین ساڵە بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنووریەکان چۆلکراون و زیانێکی زۆری ماددی بەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتووە. هاوکات بەردەوام ھەوڵی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە ، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.
لێرەدا بە ڕای گشتی رادەگەیێنین کە پاراستنی ئارامی وسەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بە گشتی وهەولێری پایتەخت هێڵی سوورە ورێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەک و لە ژێرناوی هیچ گرووپێک ، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت.
داواش لەو گرووپانەی بە ناو ئاشتی وئازادی دەکەین خۆیان نەکەنە ئامرازێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی هەرێم. ئەگەر بە ڕاستیش نیازیان ئاشتی وئارامییە، با ڕووی قسەکانیان ئاراستەی قەندیل بکەن چونکە شەڕانگێزی ونائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گرووپانە داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان وسنوورێک بۆ شەڕفرۆشییەکانیان و دژایەتی خەڵکی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان دابنێن.
وەزارەتی ناوخۆی
حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا