مەسرور بارزانی: نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان ، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە

کوردستان 25/11/2021

Alternate Text

لە ساڵرۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی تشرینی دووەم، هاوکات لەگەڵ رۆژی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" حکومەتی هەرێم، پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت و کۆمەڵگە".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی دژی ئافرەتان بەتایبەتی، دووپات دەکەینەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار دەکات لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن، بەشێوەیەک بتوانن بە لێهاتوویی خۆیانەوە وەک بکەرێکی سەرەکی لە کۆی کایەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا بەشدار بن. حکومەتی هەرێم، پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت و کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و هەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز.
بۆیە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە تایبەت دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە ئایینیەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و رۆڵی گرنگی خۆیان لە برەودان بە کولتوری لێبوردەیی و هوشیاری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان بگێڕن، چونکە رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەین.
ئومێدەوارم هەرێمی کوردستان بە هاوکاری هەموولایەک، نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بێت، بەتایبەت توندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
25ی نۆڤێمبەری 2021

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا