وەزارەتی تەندروستی ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی کانوونی دووەم، وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند:" لە کۆی ئەنجامدانی شەش هەزار و ٣٢٩ پشکنینی نوێ، هەزار و ٣٣٦ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و چوار کەسیش بەهۆی لێکەوتەکانی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە".
٩٥١ کەسیش ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاندووە
ئاماژەی بەوەشکرد:" ٩٥١ کەسیش ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاندووە و چاکبوونەتەوە".
شایەنی باسە، لەم دواییانەدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گۆڕاوەوە (ئۆمیکرۆن) ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لەبەرزبوونەوە کردووە و بەرپرسانی تەندروستی هەرێمی، داوا لە هاوڵاتییان دەکەن بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی هەڵسوکەوت بکەن، بۆ ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەنێوان هاوڵاتییاندا کەم بکرێتەوە.