قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە رۆژی جیهانی کرێکاراندا رایگەیاند، کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی مافە یاساییەکانی کرێکاران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند:" 1ی ئایار تەنها بۆنەیەک نییە بۆ پیرۆزبایی کردن لە کرێکاران، بەڵکو بۆنەیەکە بۆ ئەوەی هاندەرمان بێت بە حکومەت، کەرتی تایبەت و خاوەنکار و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دیکەشەوە تا مافەکانی کرێکاران زیاتر بچەسپێنین و دۆخی کارکردن لە کوردستان باشتر بکەین".
نیگەرانین لە دۆخی بازاڕى کار
باسی لەوەش کرد:" لە ماوەکانی رابردوودا کارمان کرد بۆ ئەوەی لەڕێی هەمواری یاسا بەرکارەکانەوە و هەروەها رێنمایی دەستی کاری بیانییەوە زیاتر دەستەبەری ماف و ژیان و گوزەرانی کرێکاران بکەین.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نیگەرانین لە دۆخی بازاڕى کار و ئاگاداری ئەو بارگرانی و ئاستەنگانەین کە ژیانی کرێکارانی زەحمەتتر کردووە".
بەشێک لە کرێکاران بە مافە یاساییەکانی خۆیان ئاشنا نیین
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، سەرباری کەموکوڕییەکانیش، بەشێک لە کرێکارانیش بە مافە یاساییەکانی خۆیان ئاشنا نین و خەمساردی و کەمتەرخەمی هەیە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە بۆ وشیارکردنەوەی کرێکارەکان بە مافە یاساییەکانی خۆیان و دابینکردنی مافەکانیان".
کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی مافە یاساییەکانی کرێکاران
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان و یان دەرکردنی یاسا و رێنمایی نوێ، لەگەڵ کەرتی تایبەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی مافە یاساییەکانی کرێکاران.