لەم هەفتەیەدا؛ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ئەمەریکا و نێچیرڤان بارزانی لە تاران دەبن

کوردستان پێش 2 هەفتە

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

لەم هەفتەیەدا، هەر یەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی سەردانی ئەمەریکا دەکات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمیش لە ئێستادا لە ئێرانە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە ئیمارات بوو، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی شێخ تەحنون بن محەمەد ئەلنەهیان، کە لەو میانەدا  سەرەخۆشی لە شێخ محەممەد بن زاید ئالنەهیان، سەرۆکی ئیمارات کرد.

سەردانەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ ئیمارات، لە پێش ئەو سەردانەیە کە بۆ ئەمەریکا ئەنجامی دەدات، واش پێشبینی دەکرێت کە نەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و راستەوخۆ بەرەو واشنتن گەشت بکات.

لە هەمان کاتیشدا، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەری جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێم، گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران کە وا بڕیارە لەگەڵ رابەری شۆڕشی ئێران، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەدا کۆببێتەوە.

لەبارەی دۆسیەی سەردانەکان، BMC زانیویەتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی دۆسیەی نەوت و غاز و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، لەگەڵ چەند دۆسیەیەکی ئەمنی دەباتە واشنتن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمەریکا تاوتوێیان دەکات.

سەبارەت بە ئەو تەوەرانەی نێچیرڤان بارزانی لە تاران باسیان دەکات، ئاشکرابووە کە پەیوەستن بە پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، دۆسیەی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها هێرشەکانی سەر هەرێمیش تەوەرێکی جیاواز دەبن

هەر لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم، باس لەوە دەکرێت کە تەوەرێکیان پەیوەستە بە هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان.

هەموو ئەمانە لەکاتێکدا، کە وا بڕیارە لە 10ی حوزەیراندا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەو بارەیەوە یەکێتی جەختی کردووەتەوە کە سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و هەموو کۆبوونەوەیەک بۆ ئەو پرسە رەت دەکاتەوە، لەبەرامبەریشدا، پارتی لە هەوڵدایە پڕۆسەکە دوابخات لانیکەم بۆ چوار مانگ.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا