بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا رەزامەندی نەدراوە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەمشەوی یەکشەممە، د.فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند:" وەزارەتی دارایی تا ئێستا رێککەوتن نەکراوە لەسەر ناردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم".
جیاوازی لە لیستی مانگی سێ و چوار هەیە
وتیشی، بەشێک لە گرفتەکە بریتییە لە زیادبوونی پارەی پێویست بۆ مووچە، کە جیاوازییەک لە بڕی پێویست لە مانگی ئازار و نیسان هەیە، ئەوەش یەکشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی کردووە.
سودانی رووبەڕوو قسەی لەگەڵ بانکی TBI کردووە
د.فازڵ نەبی راشیگەیاند، سودانی رووبەڕوو قسەی لەگەڵ بانکی TBI کردووە و پێی وتوون کە زوو دەستبە تەوتین بکەن بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچە هێندەیتر دوانەکەوێت.
باسی لەوەش کرد، بەغدا زۆر پێداگرە لەسەر تەوتین، بەهۆی ئەوەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە و راستەوخۆ پەیوەستە بە دابەشکردنی مووچە و وەک بابەتەکانی دیکە نییە.