دەستەی حەج و عومرەی عێراق هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان سەبارەت بە گەشتکردن بۆ سعودیە بەبێ ڤیزای حەج و وتی وڵاتەکە سزای سەرپێچیکاران دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سامی مەسعودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، گەشتکردن بۆ سعودیە بەبێ ڤیزای حەج سزای لەسەرە، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە چەندین سزای داراییان دیاریکردووە بۆ ئەو کەسانەی بەبێ رێگەپێدان و ڤیزا حەج دەکات، بەدەر لەوەش چوونە ناو مەککەی لێ قەدەغە دەکرێت.
وتیشی، ئەو کەسانەی کاری گواستنەوەی ئەو حاجییانە دەکەن کە رێگەپێدانیان نییە، بە زیندانیکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان سزا دەدرێن.
شۆفێران جگەرە و نێرگەلە نەبەن
مەسعودی راشیگەیاند، دەبێت شۆفێری پاسەکانی تایبەت بە گواستنەوەی حەج، جگەرە و نێرگەلە و دەرمانە قەدەغراوەکان لەگەڵ خۆیان نەبن و هاوکاری هێزە ئەمنییە عێراقی و سعودییەکان بکەن.