ئاسایشی هەولێر زانیاری نوێی لەبارەی دەستگیركردنی دوو لە تۆمەتبارانی رووداوی كوشتنی گەنجێك لە نزیك زانكۆی جیهان ئاشكرا كرد.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" پاش ئەوەی دوو رۆژ بەر لە ئێستا، لەشەقامی 100 مەتری شاری هەولێر نزیك زانكۆی جیهان، هاوڵاتییەك بە ناوی كارزان كەریم مەغدید لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەلایەن سێ كەسەوە كوژرا، دوای ئەنجامدانی تاوانەكە تۆمەتبارەكان هەڵاتبون بۆ دەرەوەی شاری هەولێر و خۆیان حەشاردابوو".
تۆمەتبارەكان هەڵاتبون بۆ سنوری بناری چیای قەرەچوغ
ئاماژەی بەوەشكردووە:" لە ئەنجامی بەدواداچون لەلایەن هێزەكانمانەوە ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەكان دەستنیشانكران كە هەڵاتبون بۆ سنوری بناری چیای قەرەچوغ، پاش لێكۆڵینەوەكان توانیمان هەردوو تۆمەتباری سەرەكی بەناوەكانی (م،گ، م) و (ه، گ،م) دەستگیر بكرێن".
بەدواداچون بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری سێیەم بەردەوامە
ئەوەشخراوەتەڕوو:" لەگەڵ دەستگیركردنی تۆمەتباراندا، دەستبەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەی كە لەدوای تاوانەكە پێی هەڵاتبون گیرا و بەدواداچون بەردەوامە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری سێیەمی رووداوەكە".