"بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەی سەرۆكی پەرلەمان لایەنی سوننە هیچ كۆدەنگییەكی نییە"

عێراق پێش 2 هەفتە

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

ئەندامی هاوپەیمانی عەزم لەبارەی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ململانێیەكانی نێو ماڵی سوننەكان و كۆتا دوو بەربژێر بۆ ئەو پۆستە، نوێترین زانیاری خستەڕوو.

 نەهلە ئەلفەهداوی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم لە لێدوانێكدا رایگەیاند:" سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نێو ماڵی سوننەكاندا هیچ كۆدەنگییەك بوونی نییە و هەر دەنگۆیەكیش بەپێچەوانەوە بڵاوبكرێتەوە، ئامانج لێی چەواشەكاری و شكستپێهێنانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانە بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو بابەتە".

تەنها دوو بەربژێر بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەن

ئاماژەی بەوەشكردووە:" لە ئێستادا تەنها دوو بەربژێر بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەن و دەبێت فراكسیۆنە سوننەكان لەنێوان سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانیدا ئەو پۆستە بەزووترین كات یەكاڵابكەنەوە".

لە ناوماڵی سوننەدا كێبڕكێی سیاسی هەیە

سەبارەت بە پشكی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئەو ئەندامەی هاوپەیمانێتی عەزم ئاشكرایكرد:" پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران مافی سوننەیە و لە ناوماڵی سوننەدا كێبڕكێی سیاسی هەیە بۆ بەدەستهێنانی پۆستەكە".

ئەم لێدوانەش لەكاتێكدایە لە كۆتا كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە لە ماڵی عەماڕ حەكیم بەڕێوەچوو، ماوەی یەك هەفتە بە لایەنە سوننەكان درا بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بەخێرای یەكلابكەنەوە". 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا