فەهمی بورهان: سوپا رێگە بە جوتیارانی کورد نادات بەری ماندووبوونی شەش مانگیان بچنەوە

کوردستان پێش 2 هەفتە

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند، ماوی دوو رۆژە عەرەبی هاوردە بە ناڕەوا و دوور لە هەموو بنەمایەکی ئاشتیانە و پێکەوەژیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانە و خێوەتیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی کورد نادات بەری رەنج و ماندووبوونی شەش مانگی رابردوویان بچنەوە.

فەمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سەرباری ئەوەی لە پایزی ساڵی رابردوو لەسەر رەزامەندی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک جوتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەستپێکرد، بەڵام لە ئێستادا سوپای عێراق لە ناوچەی پەڵکانە رێگری لە جوتیارانی کورد دەکات بەرهەمەکانیان بچنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو:" ئێمە وەک حکومەتی هەرێم لە دەستەی ناوچە کوردستانیەکان بە بەردەوامی لەسەر هێڵ بووین تا دەستور و یاسا دوابڕیار بێ و چیتر بە یاسای کۆن گیانی برایەتی تێکنەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتوانی ناوچەکە درێژە بە ژیانی ئاسای خۆیان بدەن ".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە:" بەداخەوە تا ئێستا گرفتەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون، بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراق دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جوتیارانی کورد دەکرێت بێدەنگ نەبێت و فراکسوێنە کوردستانییەکانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە، لە هەمان کاتیشدا داواکارین شایستەی دارایی پێویست بدرێتە عەرەبە هاوردەکان و بیانگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان ".

فەهمی بورهان دەڵێت:" هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە دەستەی ناوچە ناوچە کوردستانییەکان لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت تا چیتر زوڵم و ستەم لە جوتیاری کورد نەکرێت لە گوندی پەڵکانە و تەواوی ناوچەکانی سەرگەڕان، لەهەمان کاتدا رایدەگەیەنین جێبەجێکردنی دەستور و پابەندبوون بە بنەماکانی مادەی 140 زامنی چارەسەربوونی تەواوی کێشەکانی ئەو ناوچانەیە ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا