قائیمقامیەتی سلێمانی ئاشکرایکرد، دانانی پەردە بۆ هەموو
دوکان و بازاڕێک قەدەغە کراوە.
هەستان بە دوا ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ئەو دوکاندارانەی کە پەردە بۆ داپۆشینی دوکانەکانیان بەکاردەهێنن
قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە:" شەوی رابردوو
لە کاتژمێر حەوت بۆ 10، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی و تیمەکانی بەشی
لابردنی زیادەڕەوی شارەوانی – هۆبەی ناوبازاڕ بە هاوکاری بەشی پۆلیسی رێککاری، لە
هەڵمەتێکدا هەستان بە دوا ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ئەو دوکاندارانەی کە پەردە بۆ
داپۆشینی دوکانەکانیان بەکاردەهێنن یان شتومەک و کەرەستە و پۆشاک لە دەرەوەی
دوکانەکان بەجێدەهێڵن".
هۆکاری سەرەکییە بۆ کەوتنەوەی ئاگر
باسی لەوەشکرد:" ئەو کەسانەی ئاماژەیان پێکرا،
پێویستە هەستن بە لابردنی ئەو پەردانە چونکە هۆکاری سەرەکییە بۆ کەوتنەوەی ئاگر،
هاوکات لە هەڵمەتەکەدا پسوڵەی سزادان بۆ ئەو دوکان و بازاڕانە کرا کە سەرپێچی
رێنماییەکانیان کردبوو و پابەند نەبوون".
شایەنی باسە لە ماوەی
پێنج مانگی رابردوودا چوار جار ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی شاری هەولێر دروستبووە و
تیایدا زیانێکی زۆری ماددی بەر دوکانداران کەوتووە.