Alternate Text

سەرۆک مام جەلال و مافەکانی کرێکاران

کاردۆ عوسمان هەورامی‌‌ 23/03/2021

ساڵی 2009 لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوست ، سەرۆک مام جەلال باسی هەڵوێستێکی خۆی سەبارەت بە داکۆکیکردن لە مافەکانی کرێکاران دەکات و دەڵێت: ساڵی 1960 پارێزەری کۆمپانیای بزنسمانی ناوداری کورد ڕەشید عارف بووم.

ئەو لە دەستەی یەکەمی دیموکراسیخوازە عێراقییەکان بوو. منی لە کۆمپانیاکەی دامەزراندبوو تا هاوکاریم بکات و مووچەیەکی باش وەربگرم. لەو کاتەدا 17 کرێکاری کۆمپانیاکە داوایەکیان لە دژی کۆمپانیاکە لە دادگا تۆمار کردبوو، داوای قەرەبووی مادییان دەکرد، من وەک پارێزەری کۆمپانیاکە چووم بۆ دادگا، لە دوای ئەوەی گوێم لە وتەی کرێکارەکان گرت دانم بەوەدا نا کە کرێکارەکان مافی خۆیانە قەرەبوو بکرێنەوەو بە دادوەرەکەم وت: هەقی خۆیانە ،دادگا بڕیاری دا قەرەبوو بکرێنەوە، چاوەڕێم کرد تا بڕیارەکە لە دادگای پێداچوونەوە پەسەند کراو پلەی کۆتایی وەرگرت.

واتە ئیدی پێویستە بڕیاری دادگا جێبەجێ بکرێت. دادگا بڕیارەکەی بۆ خاوەنی کۆمپانیا نارد و داوای قەرەبووی کرێکارەکانی لێکرد.

لە بەرئەوەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرتبوو، پارێزەری کۆمپانیاش دانی بە مافی کرێکارەکاندا نابوو بۆ وەرگرتنی قەرەبووەکە. ڕەشید عارف ناردی بە دوامدا، کە چوومە ئۆفیسەکەی، زۆرتوڕە بوو، وتی: ئەفەندی تۆ پارێزەری کۆمپانیای یان پارێزەری پڕۆلیتاریا؟!

وتم من پارێزەری کۆمپانیام، وتی ئەی بۆ ئەمەت کرد ئەفەندی؟ وتم ئەوەم وەک بەرگری لە ناوبانگی تۆ و کۆمپانیاکە کرد.

چونکە من لە منداڵییەوە تۆ دەناسم و دەزانم ڕەشید عارف پیاوێکی دیموکراتە و لە دەستەی یەکەمە، هاوڕێی کامل چادرچی و جەعفەر ئەبو تمەنە، پێم باش نەبوو چەند کرێکارێک شکاتت لێ بکەن، چونکە زیان بە ناوبانگت دەگەیەنێت وەک پیاوێکی پێشکەوتنخواز و دیموکراتی.

بەهای ئەو قەرەبووە سادەیە چییە، لە ئاست ناوبانگی تۆ کە هەموو سامانی دنیا دێنێت.

هێمن بۆوە و سەیری کردم وتی: ئافەرین کارێکی باشت کرد.