عوسمانی حاجی مەحمود لە پەیامێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، کوردستان نغرۆی
نادادی وستەم وگەندەڵی و نا ئارامی و بێ ئومێدی و بێ متمانەییەکی زۆر بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی تشرینی دووەم، عوسمانی
حاجی مەحمود کەسایەتی سیاسی دیاری کوردستان و یەکێک لە سەرکردەکانی پێشووی
بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند:" ھەرێمی کوردستان نغرۆی نادادی وستەم وگەندەڵی و نا ئارامی و بێ ئومێدی
و بێ متمانەییەکی زۆر بووە کە خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی خوێندکاران و
ناڕەزایەتی فراوانی چین و توێژەکانی دیکەی کوردستان دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە خراپەی
بەرێوەبردن و ئیدارەدانە بوون و ئایندەی ھەرێمەکەیان خستووەیتە بەردەم چەندین
مەترسیەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" ھەڵسوکەوتی ئەم چەند رۆژەی دەسەڵات کە لەبری بە دەنگەوەھاتن و
جێبەجێکردنی داوا و مافە رەواکانیان بەھەڕەشە و دەستگیرکردن و شەق و توندوتیژی رووبەڕووی
خوێندکاران بوونەوە تەواو ناڕەوایە و بەتوندی ئیدانەی دەکەین و پێمان وایە رێگای
دروست بۆ چارەسەری مافەکانی خوێندکاران و کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی بەرپاکردنی
عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بەرگرتنی راستەقینەیە لەو بەھەدەردان و نایەکسانی و
گەندەڵیەی کە سەرتاپای جومگە و پێگەکانی حکومڕانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە".
قۆناغی ئێستا پێویستی بەبیستنی دەنگی ئەقڵ و ھەڵوێست وکاری بەرپرسانەیە
باسی لەوەشکرد:" قۆناغی ئێستا پێویستی بەبیستنی دەنگی ئەقڵ و
ھەڵوێست وکاری بەرپرسانەیە نەک بەکارھێنانی توندوتیژی و زیندانی کردن، جگە لە خەڵک
و میدیا و دامەزراوە و رێکخراوە جۆراوجۆرەکان، ئەوەتا بڕیار بەدەستان خۆشیان لە راگەیاندەکانەوە
باس لەدزی وگەندڵی و خراپ بەڕێوەبردنی وڵات دەکەن بەبێ ئەوەی ھیچ ھەنگاوێکی
چاکسازیان ببینرێ و پێ ناچێ لە بیری گۆڕینی ئەقڵیەتی حکومڕانیاندا بن بۆ دۆزینەوەی
چارسەرێکی سەرەتایی ، بە ھێنانەوەی بیانوو و تۆمەت و گومانیش ناتوانن گرفت و کێشە
بنەڕتیەکانی ژیانی خەڵک بەلاڕێداببەن و ھەوڵ و کۆششی خەڵک بۆ گۆڕانکاری خامۆش بکەن".
رێگە نەدەن ھێز وگروپی سیاسی ئاراستەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانتان بۆمەرامی تایبەت بەکاربھێنن
عوسمانی حاجی مەحمود وتیشی:" خوێندکاران و چین وتوێژەکانی دیکەی خەڵکی
کوردستان ، جارێکی دیکە پشتیوانی ماف و داوا رەواکانتان دەکەین و داواکارین رێگە
نەدەن ھێز وگروپی سیاسی ئاراستەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانتان بۆمەرامی تایبەت بەکاربھێنن و تکامان وایە پەلاماری دەزگاو دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان نەدەن".