قوباد تاڵەبانی: رووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبینەوە کە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت

کوردستان پێش 2 هەفتە

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک دژی دواخستنی هەڵبژاردنن و رووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبنەوە کە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ماکسیم روبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

بە گوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد:" هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووین پەیوەندییەکی ئاسایی و تەندروست و هاوسەنگمان لەگەڵ هەموو وڵاتان و بە تایبەتیش وڵاتانی دراوسێدا هەبێت ".

هەرگیز سەرچاوەی هەڕەشە نەبووین بۆسەر هیچ لایەنێک 

وتیشی:" هەرێمی کوردستان هەرگیز سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆسەر هیچ لایەنێک و لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکی باش و تەندروستمان هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لە رووی بازرگانییەوە ".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، کونسوڵی گشتیی روسیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لە دوا سەردانیدا بۆ سلێمانی هەستی بە گەشەسەندنێکی بەرچاو کردوە لەڕووی وەبەرهێنانەوە.

لەم دوو ساڵەی دواییدا هەنگاوی باشمان ناوە

لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد:" راستە پێشتر کێشە و ئاستەنگ لەبەردەم وەبەرهێنەراندا دروست دەکرا، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا هەنگاوی باشمان ناوە لە کەمکردنەوەی رۆتین و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم وەبەرهێنەران ".

خۆم لە نزیکەوە چاودێری بەرەوپیشچوونی وەبەرهێنان دەکەم

ئاشکراشیکرد، خۆی لە نزیکەوە چاودێری چۆنییەتی بەرەوپیشچوونی کاروباری وەبەرهێنان دەکات و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات.

قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، ئەم هەنگاوانە کاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە سلێمانی بە جۆرێک کە ساڵی رابردوودا پارێزگاکە لەسەر ئاستی هەموو عێراقدا یەکەم بووە لە رووی وەبەرهێنانەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا