Alternate Text

تەنها بۆ بەبیرهێنانەوە

د.نەرمین مەعروف‌ 23/03/2021

- چارەسەرکردنی قەیرانی چەندساڵەی موچە و بودجەی هەرێم لە بنەڕەتدا دروشم و بەرنامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

- لە ماوەی دووساڵی رابردوو پێداگری بۆ چارەسەری ریشەیی پرسی مووچە تەوەری سەرەکی و کاری لەپێشینەی سەرۆک باڤڵ بووە لەهەموو سەردانەکان و گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکردەوە هێزە سیاسییەکان لە بەغدا.

- “پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە هەر بڕە پارەیەک کە دێتە هەرێم “ پێشنیازی تیمی وەزاری و فراکسیۆنی یەکێتی بوو لە بەغدا کە پارساڵ لەبڕگەی ٨ی مادەی ١٣ی بودجەی ٢٠٢٣ جێگیرکرا.

- هەر ئێمەبووین لە شەش مانگی رابردوو شەو و رۆژمان خستەسەریەک لەبەغدا بە رۆژانی جەژن و پشوەکانیشەوە لە هەوڵدابووین بۆ ئەوەی مووچە بخەینەسەر خەرجی حاکیمە و بەدەری بکەین لە گشت پابەندییەکانی سەر هەرێم و بەدووری کەین لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە شایەتی بەڕێز وەزیری دارایی فیدڕاڵ.

- لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە مانگی شوبات بۆ پابەندکردنی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕال بە زامنکردنی مووچەی مووچەخۆران، هەر یەکێتی بوو بە پێشوازیکردنی لە بڕیاری دادگا پشتیوانی خۆی بۆ مافی مووچەخۆران دووپاتکردەوە.

- لەدوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ مووچەی مانگی شوبات ئێمەبووین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان پێشنیازمانکرد کار بەو کۆدی بایۆمێتریانە بکرێت کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بەڕێز کاک قوباد لە پرۆژەیەکی گشتگیردا لە هەرێم جێبەجێیکرد، بەهۆیەوە بەغدا رازیبوو مووچەی ئەو هێزانە خەرجبکات.

- تیمی وەزاری و فراکسیۆنی یەکێتی بوو سەرەتای هەفتەی رابردوو لە دیدارمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیران داوامان لێیکرد تا یەکلابوونەوەی پرسی (تەوتین) ناردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتوو بە کاش بەردەوامبێت ، و بەسوپاسێکی زۆرەوە داواکەمانی قبوڵکرد.

- بۆ لەمەودواش وەک رابردوو تا زامنکردنی مووچە و قوتی هاولاتیان لە تەواوی ئەمساڵ و سالانی داهاتوو، تا جێکردنەوە و جێگیرکردنی بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی بە ژمارە و پارە لە هەمواری یاسای بودجە ٢٠٢٤ کۆڵنادەین و هەوڵەکانمان بەردوامە.