Alternate Text

سەردانەکەی ئۆردۆغان بۆ عێراق پەیوەستە بە پرسی ئاو

سەرمەد لەتیف‌ 23/03/2021

کارتی ئاو کارتێکی سیاسی بەهێزە بەدەست تورکیاوە دژی عێراق، تورکیا ووڵاتی سەرچاوەیە و عێراق ووڵاتی ڕێژگە. بۆیە تورکیا هەوڵدەدار چەند بڕیارێک بەسەر عێراقدا بسەپێنێت لەبەرامبەر بەردانەوەی ئاوی پێویست بۆناو خاکی عێراق لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان، دەبێت ووڵاتانی سەرچاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ووڵاتانی ڕێژگە، سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان بەڕێوەببەن. بەڵام نە تورکیا نە ئێران پابەند نین بەم یاسایانەوە.

بەم نزیکانە، ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دێتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق بۆ چەند پرسێکی گرنگ کۆبونەوە ئەنجام دەدات. یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان بابەتی بەکارهێنانی ئاوی سەرچاوە هاوبەشەکانە لەنێوان هەردوو ووڵات (تورکیا و عێراق). زیاتر لە نیو سەدەیە عێراق دەناڵێنێت بەهۆی وەرنەگرتنی بڕی ئاوی پێویست لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات کە لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن. تورکیا لەڕێی بونیاتنانی پڕۆژەی گاپ، ٢٢ بەنداوی سەرەکی لەسەر هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات دروستکردووە لەگەڵ ١٩ ویستگەی بەرهەمهێنانی ووزەی کارەبا و چەندین پڕۆژەی ئاودێری. دروستکردنی ئەم پڕۆژانە بۆتە هۆکاری کورتهێنانی ئاو لە عێراق و ووشکەساڵی و بەبیابان بوون.

تورکیا هێندە کارتێکی بەهێزی بەدەستەوەیە، عێراق لە ڕێی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەوڵی داوە تورکیا ڕازی بکرێت بە بەردانەوەی ٥٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بۆ ئاوی ڕوباری دیجلە و ٣٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بۆ ئاوی روباری فوڕات، بەڵام تورکیا تەنانەت وەڵامی ئەم داوایەشی نەداوەتەوە. ئەمە لەکاتێکدا کە پێشتر و لەکاتی حکومڕانی ڕژێمی پێشووی عێراق، نزیکەی ٩٠٠٠ مەتر سێجا ئاو دەگەیشت بە عێراق لە ڕێی ڕوبارە هاوبەشەکانەوە کە لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت!

لەم سەردانەی سەرۆککۆماری تورکیادا، پێدەچێت ڕێککەوتنێکی نوێ گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق باسی لەوەکرد کە پێشبینی دەکەن تا ساڵی ٢٠٣٥ عێراق زیاتر لە ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاو لەدەستبدات و ڕوبەڕوی سەختترین بارودۆخی کەمئاوی و بەبیابانبوون ببێتەوە. لە دیداری سلێمانی لەکاتی گفتوگۆدا وەک پسپۆڕێک لەبواری ئاسایشی ئاو، ئەم بابەتەم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق وروژاند و چەندین پرسیاری جددیم ئاڕاستەیان کرد، لەوەڵامدا پێیان ڕاگەیاندم کە خۆشحاڵن لەوەی تورکیا نەرمی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتنی نوێ بۆ بەردانەوەی ئاوی پێویست بۆ عێراق. لەبەرامبەریشدا تورکیا مەرجی خۆی هەیە و دەیەوێت چیتر نەیارەکانی نەتوانن لەناو خاکی عێراقەوە ببن بە سەرچاوەی مەترسی بۆی.