Alternate Text

ئیتر بۆچی کەرتی تەندروستی گشتی و نەخۆشخانە حکومییەکان داناخەن؟

کۆچەر عەزیز‌ 23/03/2021

ئەم دۆخەی ئێستا و کەرتی تەندروستی گشتی و چەند سەرنجێک

ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش سلێمانی دەگوزەرێت تەنها ئازاردانی هاووڵاتییانی سلێمانییە و هیچی دیکە نییە.

ماوەی زیاتر لە دو وهەفتە دەبێت بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی هاوار دەکەن و دەڵێن دەرمان نییە هیچ خزمەتگوزارییەک نەماوە لە ناو نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکاندا، بەڵام کەس گوێ ناگرێت و هیچ گرنگیش نییە نە بۆ حکومەت و نە بۆ لایەنی پەیوەندیدار ، چونکە ئەوان رەنگە بە ژیانیان نەچنە نەخۆشخانە گشتییەکان.

زیاتر لە مانگێکە لە بەشێک لە نەخۆشخانە حکومییەکان پشکنینی (VIRAL) ڤایرۆس کە سەرەکیترین پشکنینە بۆ نەخۆش لە کاتی نەشتەرگەری تا بزانرێت مەترسی هەیە و بۆ نەخۆشەکانی دیکەو تیمە تەندروستییەکانی دیکەش،  نییە کە لە دەرەوە نرخەکەی 25 هەزار دینارە و بڕیکی زۆر لەسەر نەخۆش دەکەوێت.

لەپزیشکێکم پرسی ئەو پشکنینە زۆر سەرەکییە ئەگەر نەخۆشێک حاڵەتی لە ناکاوی هەبێت و زەرور بێت راستەوخۆ نەشتەرگەری بۆ بکرێت، چاوەڕی دەکەن تا پشکنین لە دەرەوە بێتەوە یاخود نەخۆش هەموو کات دەتوانێت بچێتە دەرەوەبۆ ئەو پشکنینە ئەو لە وەڵامدا وتی: ئێمە هەموو کەیسێک ئەگەر پشکنینی پێبێت یاخود نا بە پۆزەتیف هەژماریدەکەین لە کاتی نەشتەرگەری جل و بەرگی خۆپارێزی بۆ هەموو نەشتەرگەرییەک بەکاردەهێنین، بەڵام نەخۆشانی دیکەی دوای ئەوە مەترسی بۆسەر ژیانیان دروستدەبێت، چونکە ئەگەر نەخۆشێک ڤایرۆسی هەبێت جیاوازە ئەو ساڵەیە و دواتری نەشتەرگەری دیکەی تێدا ئەنجامنادرێت تا پاکژ نەکرێتەوە، بەڵام ئایا کەسانێکی ئاسایی کە برینێک یان شتێکی ئاسایی بێت کە پێویستی بە دورینەوە و تەداوی هەبێت ئەوە لە هەرچرکەیەدا ئەگەر ڤایرۆسی هەبێت مەترسی بۆ ژیانی ئەو کەسە دروستدەکات کە پرۆسەکەی بۆ ئەنجامدەدات. ئەو وتیشی؛ ئێمە چەند جارێک بە لایەنی بەرپرسمان وتووە و خۆشیان ئەوە باش دەزانن، بەڵام هیچ ناکرێت و کەس گوێ ناگرێت.

دروست ئەم ماوەیە بەهۆی دۆخی تەندروستی دایکمەوە چەند جارێک چوومەتە چەند نەخۆشخانەیەکی حکومی، بەڵام ئەوەی تێبینیم کرد نەخۆشخانە حکومییەکان هیچ خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆیان تێدا نەماوە، تەنانەت چەند نەخۆش هەبووە پزیشک دەرمانی بۆ نووسیوە ئەگەر چوار جۆر بێت یەک دەرمان نەبووە.

ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنجە نەخۆشێکم بینی چوار دەستە حەبی بە دەستەوە بوو دەیوت ئەمە بە 120 هەزار کڕیومە لە دەرەوە ئەمانە بەجارێک دەستیان ناوەتە بینا قاقامان.

تا ئێرەش هەر باش بوو خەڵکی بەوەش رازی بوو هەرچۆنێک بێت لە دەرەوە دەرمانی دەکڕی و پشکنینی ئەنجامدەدا بەڵام ئێستا گاز و بەنزین نییە بۆ سەیارە فریاکەوتنەکانیش بۆ گواستنەوەی نەخۆش.

جا گەر وابێت کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانە گشتییەکان دابخەن و تەواو با خەڵک نەڕواتە نەخۆشخانەکان و بە دڵشکاوی بگەڕێتەوە.

خەڵک ئەوەی بۆ گرنگ نییە کێ پارە دەدات بە کۆمپانیا کێ نایدات و بەرپرسە ئەو خزمەتگوزاری دەوێت، جا ئەگەر قسە بێت هەمووان دەیزانن ئەو دەیەوێت خزمەت بکرێت.

دەکرێ ئەم دۆخە لە شارەکانی هەولێر و دهۆکیش وابێت بەڵام باس ناکرێت، یاخود ئەگەر نییە بۆچی تەنها سلێمانی ئایا تاوانی خەڵکی سلێمانی چییە؟ ئایا ئەوانیش هاووڵاتی ئەم کوردستان و هەرێمە نین؟ کە دەسەڵاتدارانمان شانازی پێوەدەکەن کە خاوەن هەرێمێکن و سلێمانیش بە بەشێک لەو هەرێمە دەزانن یان شتێکی دیکە هەیە و ئێمەی هاووڵاتی نایزانین؟