Alternate Text

ئەفسانەیەکی تری هەڵبژاردن

ستران عەبدوڵڵا‌ 23/03/2021

هەڵبژاردن بۆ ئەوانە دەکرێ و بەوانە دەکرێ کە ئامادەن بەشداری تیا بکەن، ئەولەویەت بۆ ئامادە و بەشدارە و دەبێ رێز لە ئیرادەی دەستپێشخەر و دەنگدەری ئامادەی کێبڕکێکە بگیرێت، پێش ئەوەی دڵی بایکۆت و ئەوانەی بەشداری ناکەن رازی بکرێت .

چۆن دەبێ دڵی ئامادە و گیانباز بشکێنین بۆ دڵدانەوەی ئەوانەی بەشەرتی چەقۆ نەبێ ، بیری لێ ناکەنەوە؟

دەگوترێ هەڵبژاردن بێ فڵان و فیسار ناکرێ و خاوەنانی ئەم گوتەزایانە گەرەکیانە ئەم ڕەچەتەیە بە واقیعبینی و شرۆڤەی سەنگین و پەرۆشی نیشتمانیی بفرۆشنەوە بە رای گشتی.

گوایە ئەگەر وا نەبێ وا دەقەومێ.ئەم پەرۆشخوازانە دایمە و درهەم دەڵێن ؛ ئامان خزمینە ! واقیعەکە رەچاو بکەن و ناسکی دۆخەکە بخوێننەوە.

ئەم رۆحە بەزیو و ترساوە کەوا (خۆشی حەشار داوە )، روحێکی کۆنەپەرستانەیە و تەواوکاری گیانی خۆدزینەوەیە لە پێشبڕکێیەکە، هەردووکیشیان هیچ مانایەک بۆ دیموکراسیی و دادپەروەری بەشداریکردن و وازییە وەرزشێکەی هەڵبژاردن ناهێڵنەوە، چونکە پێش دەستپێکردن ، لە بەلاش و حەلاش ، بەرتیل دەداتە ئەم و ئەو.

قوربان ! جیاوازی زۆر زۆرە لە نێوان واقیعبینی و تەسیلم بوون بە واقیعی ناجۆر و ناپەسەند.

بێگومان خۆشە و دیمەنەکە جوانترە هەموو تێدابن و هەموو بەشداری بکەن، چونکە ئێمە گشتمان کوردین و (یەکین و لەکین)، بەڵام خراپ ئەوەیە پێشوەختە داشی یەکتری سوار بکەین و لە لێواری گەمەکە تیپ و یاریزانەکان بە بارمتە بگرین.

ئەفسانە ئەوەیە لەسەر حیسابی فەقیر و فوقەرای کە ئامادەی رەنج و کۆششن ، پاداشتی تەلەبەی خواپێداو بکەین و دنەی نا عەدالەتی بدەین.