Alternate Text

عافێتیان بێت و عافێتمان بێت

ستران عەبدوڵڵا‌ 23/03/2021

روخا روخا، ئەگەرچی لە ناکاو بوو، بەڵام خۆ هەر روخا.

رەنگە کەس وەکو گەلانی عێراق لەم پرسەدا هەست بە ئیحراجی نەکەن و ناکەن ، هێزێکی دەرەکی بە خۆی و تاقم و تفاق و دەبابەکانییەوە لە دەرەوە هات و لەسەر سینییەکی زێڕین ئازادی پێشکەش کردن ، رژێمەکەیان بۆ روخاندن و گوتیان فەرموو ماڵەباجێنەی تری تیا بەرپا بکەن . 

بۆیە ماوەیەکی باشی ویست تا ئەم گرێ دەرونییەیان چارەسەر کرا و هاتنە سەر هێڵی خاوەندارێتی لە خۆیان و لە وڵاتەکەیان. هەرچەندە ئەم ساتە وەختەی کەوتنی بتی  سەددام حسێن هەموو دیمەنەکە نییە،  بەڵکو دیاترین گرتەیتی،  عێراق و گەلانی ناو ئەم چوارچێوەی بە قەد کۆمارێکی ئۆتۆنۆمی سۆڤێت نابێ،  کەچی بە قەدەر هەموو سیبیریا و ئۆردگا زۆرەملێکانی رەفیق ستالین ئازار و زەحمەتی و بەڵای بینیووە، ئەم عێراقە لە زووەوە  زۆرانبازی دەگەڵ دیکتاتۆری بەعس دەکا و بە تەقویمی  رۆژ و مانگ و ساڵ نرخی ئەم زۆرانبازییەی دەدا. ئەوە کورد بە شۆڕش و راپەڕین و رێکخستنەکانی، بە پێشمەرگە و زیندانی و نەخێرە زۆر و زەوەندەکانی، ئەو عەرەب،  بەشیعە و سوننە، بە حزب و کەسایەتی و عەلمانی و شیوعی و ئیسلامییەوە، ئەوەش میللەتەکە خۆی کە بە سەبر و ئۆف و ئاخی پەنهانەوە دوعای لە (ئەبو عەدای) دەکرد. تەنانەت ئەم  بەعسە بێ تام و بەزەبرە،  لەم سیوپێنج ساڵەی حوکمی خۆیدا( تەمووزی ١٩٦٨- نیسانی ٢٠٠٣) زۆری لێ هەڵگەڕانەوە ، لە قاعەی خولدی  پاکتاوی بەعسەکەی دەورانی بەکرەوە  تا دەسترێژی دوجەیل،  تا لولەی دەبابەکەی سەربازی کشاوەی شکستخواردووی سەرچڵی داگیرکردنی کوێت کە بڵێسەی راپەڕینی جنوبی داگیرساند، زۆر و زۆر هەوڵی پەلاماردان هەیە،  بە جۆرێک ئەگەر رێگە بە چاپی بیرەوەری سەرباز و ئەفسەرانی سوپای بەعس بدرێت یان عەقڵیان پێی بشکێ و بینووسنەوە  زۆر پاڵەوانێتی ڕاست و درۆ ریز دەکرێن  کە نەعلەکەی ئەبو تەحسین بە نەعل دەکرێتە  دەرەوەی گرتەی سەرکەوتنی مێژووییەوە . تا تەمەنی بەعس درێژتر دەبوو بازنەی نەخێر و ناڕەزایی دژی فراوانتر دەبوو، بەڵام دیارە بەشێک لە شۆڕشگێرەکانی بەعسیان تەزاند و دیکتۆریان دەرپەڕاند ، دوای کەوتنی یەکجارەکیی خەریکی غەنیمەی سەرکەوتن بوون و نەپەرژانە سەر گێڕانەوەی وردەکارییەکانی بەرەنگاری دیکتاتۆری.بۆیە نەوەکانی ئەم بیستویەک ساڵەی عیراقی ئازاد  گرێی دەروونی دەبابەکانی مارینزیان هەیە کە ئیشەکەی بۆیان کرد. 

خۆ وەڵلا مارینز چاکیان کرد و قەیچێکا با ئەم خەڵکە بندەستەی بەعس سەرەنجام دەسکەوتیان هەبێ بێ ئەوەی پێیەوە هیلاک بن. 

کاتی خۆی زۆریان کرد و زۆر تەقەیان تەقاند و باڵێۆزی سەفارەتەکانی دۆستی سەددام بوون باوەڕیان بە وتەزایە کردبوو کە (لۆ تتلەع نەخلە براسو) ، یانی ئەگەر دارخورما لەسەر مام جەلال بڕوێ دوو کەسی پێ نابرێتە چیاکانی یاخیبوون دژی دیکتاتۆری. کە کردیشی و ماڵیئاوا خۆی و پێشمەرگە و گیان لەسەر دەستەکانی.

جا ئەوە رەحمەتی سەرکردە و فەرماندەی دیار کاک جەبار فەرمان کە جگە لە نەبەردی  و نەبەزییەکەی ئەهلی شۆخی و نوکتەش بوو،  نەقلی نەزیلەی کابرایەکی خۆمانی دەگێڕایەوە؛ دەنکە  زەیتونەکە لە ناو قاپ بە چنگال نە دەگیرا ، تا گیرا و خورا، کابرای خۆمانی گوتی (من شەکەتم کرد و ئەویش گرتی)

قەیدی چییە! نزیکەی چل ساڵ خەڵکی عیراق لە بۆربۆرێنی سەددامدا هیلاکیان کرد و سەرەنجام ئەمەریکا و تەحلوف گرتیان و خواردیان.. عافێتیان بێت و عافێتمان بێت.