سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، لە یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستاندا بڕیاریاندا بە سیستمێكی جیاواز و سوودوەرگرتن لە توانا و لێهاتوویی خوێندكاران، كۆمەڵەی خوێندكاران نوێ بكەنەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستانەوە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" لەیادی 48 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە خوێندكاران و لاوانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و داهاتوویەكی گەشتان بۆ دەخوازم".
هەموو گۆڕانكاری و پێشكەوتنێك لەسەر دەستی خوێندكاران و لاوان دێتەدی
ئاماژەی بەوەشكردووە:" هەمیشە پێمانوابووە خوێندكاران و لاوان رۆحی ئەم كۆمەڵگەیەن و هەموو گۆڕانكاری و پێشكەوتنێك لەسەر دەستی ئەوان دێتەدی و هەر لەبەر ئەو هۆكارە و لەژێر رۆشنایی خواستەكانی ئەمڕۆیان، بڕیارماندا بە سیستمێكی جیاواز و سوودوەرگرتن لە توانا و لێهاتوویی خوێندكاران، كۆمەڵەی خوێندكاران نوێ بكەینەوە".
كۆمەڵەی خوێندكاران بە بەرنامە و ستراتیژێكی جیاوازەوە درێژە بە كارە زانستی و رۆشنبیرییەكانی دەدات
هەروەها، بە بەرنامە و ستراتیژێكی جیاوازەوە درێژە بە كارە زانستی و رۆشنبیرییەكانی بدات و ببێتە وێستگەیەك بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی داهێنەر و بەدیهێنانی خواستەكانیان.
وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی سەرپەرشتیكردنی كۆمەڵەكە، شانازییەكی گەورەیە
روونیشیكردەوە:" وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی سەرپەرشتیكردنی كۆمەڵەكە، شانازییەكی گەورەیە بۆ من تاوەكو بتوانم هاوشانی لاوانی وڵاتەكەم هەوڵ بۆ داهاتوویەكی گەشتری وڵاتەكەمان بدەم، هاوكاریانبم بۆ پاراستنی ماف، بەدیهێنانی خواستەكانیان و دروستكردنی گۆڕانكاریی ریشەیی لە كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا".