وەزارەتی ناوخۆی میسڕ رایگەیاند، لە ماڵی فەرمانبەرێکدا سەدان پارچە شوێنەوار و مۆمیا-یان دۆزیوەتەوە، کە ماڵەکە وەک مۆزەخانەیەک وابووە.
لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی ناوخۆی میسڕ رایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە دەزگای ئاسایشی گشتی و پۆلیسی گەشتوگوزار و شوێنەوار، ئاشکرابوو کە فەرمانبەرێک چەندین پارچە شوێنەوار و مۆمیای لە ماڵەکەیدا لە شاری ئەسیوت حەشارداوە، کە مەبەستی بووە بازرگانییان پێوە بکات.
هەزار و 118 پارچە شوێنەواری لەخۆگرتووە
باسی لەوەش کردووە، هێزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکە و مۆزەخانەیەکی گەورەیان ئاشکرا کردووە، کە هەزار و 118 پارچە شوێنەواری لەخۆگرتووە و لەناویشیدا چەندین مۆمیاکراو هەبوون، بەدەر لەوەش نوسین و نەخشی فرعەونی دۆزراوەتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لەو هەڵمەتەدا سەدان جۆری جیاواز پارچە شوێنەوار دۆزراوەتەوە، دوای پشکنینیش دەرکەوتووە کە سەرجەمیان شوێنەواری دێرینن و دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمە جیاوازەکانی مێژوو، دواتریش رێوشوێنی پێویست لە دژی فەرمانبەرەکە گیرایەبەر و رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کرا.