وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەدواداچوون و رێوشوێنی پێویست لەسەر کوژرانی جوانڕۆی باڵەبان گیراوەتە بەر.
تەرمی ناوبراو بەدەستبەستراوی لە نزیک گوندی پەلکەڕەش دۆزراوەتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی حوزەیران، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند:" دوای ئەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی جوانڕۆ کەریم" جوانڕۆی باڵەبان"مان پێگەیشت، دوای بەدواداچوونی بەرپرسی یەکه سەربازیەکەی لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش، تەرمی ناوبراو بەدەستبەستراوی لە نزیک گوندی پەلکەڕەش کە دەکەوێتە نێوان کەسنەزان و دێگەڵە دۆزراوەتەوە".
ناوبراو سەر بە فەرماندەیی ئینزیباتی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە بوو
ئەوەش هاتووە:" ناوبراو ئەندامی تیپی جوق و مۆسیقای سەربازی بوو، سەر بە فەرماندەیی ئینزیباتی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە".
لەلایەن پۆلیسەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە
لە ئێستاشدا وەزارەتی پێشمەرگە، بەدواداچوون و رێوشوێنی پێویستی لەسەر ئەم تاوانە گرتۆتەبەر و لەلایەن پۆلیسەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و چاوەڕێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانین.