بەهۆی رووداوەکەی دوێنێ، زانکۆی سەڵاحەدین چەند بڕیارێکیدا

کوردستان 29/06/2022

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

ئەنجومەنی باڵای زانکۆی سەڵاحەدین بەهۆی رووداوەکەی دوێنێوە کە تیایدا دوو مامۆستا کوژران، چەند بڕیارێکیدا.

د. کاوان ئیسماعیل پێشتر رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر وەرگرتنی خوێندکارە تۆمەتبارەکە لە زانکۆی سۆرانەوە بۆ زانکۆکەمان

 ئەنجومەنی باڵای زانکۆی سەڵاحەدین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" د. کاوان ئیسماعیل پێشتر رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر وەرگرتنی خوێندکارە تۆمەتبارەکە لە زانکۆی سۆرانەوە بۆ زانکۆکەمان، سەرجەم ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە کە باسلەوەدەکەن د. کاوان رەزامەندی دەرنەبڕیوە بە وەرگرتنی تۆمەتبار".

بۆ ماوەی سێ رۆژ سەرجەم ئاڵاکانی ناو زانکۆکەمان دادەگیرێن وەکو رێزێک بۆ قوربانییەکان

ئاماژەی بەوەشکرد:" بەهۆی ئەو رووداوەی دوێنێ روویدا و تیایدا دوو مامۆستای زانکۆکەمان گیانیان لەدەستدا، بۆ ماوەی سێ رۆژ سەرجەم ئاڵاکانی ناو زانکۆکەمان دادەگیرێن وەکو رێزێک بۆ قوربانییەکان، هەروەها بۆ ماوەی سێ رۆژیش سەرجەم چالاکییەکانی زانکۆی ناوبراو رادەگیرێن".

داواش دەکەین پەرژینێک بۆ کەمپی زانکۆکەمان دروستبکرێت لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی رووداوی لەوشێوەیەدا

ئەوەشیخستەڕوو:" داوا لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێم دەکەین لێکۆڵینەوەی جدی لە رووداوەکە بکات و دادگاییکردنی تۆمەتبار بەبێ لایانانە بەڕێوەبچێت، هاوکات داواش دەکەین پەرژینێک بۆ کەمپی زانکۆکەمان دروستبکرێت لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە، چونکە لە ئێستادا کەمپەکە وەکو پێویست پاسەوانی لێناکرێت".

شایەنی باسە دوێنێ سێشەممە، خوێندکارێکی کۆلێژی یاسای زانکۆی سۆران کە لە خوێندن دوورخرابووەوە، لە دوو هێرشی جیادا دوو کەسی کوشت، کە یەکێکیان د. ئیسماعیل راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین بوو، ئەوی دیکەش د. ئیدریس حەمەخان مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری هەمان زانکۆ بوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا