سلێمانی.. نەخۆشی کۆلێرا کۆنترۆڵکرا

کوردستان 29/06/2022

لەلایەن: lawan

Alternate Text

پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا، کۆنترۆڵکردنی ئەو نەخۆشییەی لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند.

 نووسینگەی راگەیاندنی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" ئەمڕۆ چوارشەممە د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لە د. رەهێڵ فەرەیدوون بریکاری وەزارەتی تەندروستی، د.ئەحمەد ئەبوبەکر بەرپرسی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، د. وائیل هەتاهیت بەرپرسی تیمی ئێمرجنسی لە عێراق و د.نەجمەدین حەسەن نوێنەری رێکخراوی WHO کرد و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی هۆکار، چارەسەر و رێککارەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشی کۆلێرا کرد".

پارێزگاری سلێمانی نوێنەری رێکخراوی  WHOی عێراقی راسپارد بە گەیاندنی پەیامی پارێزگای سلێمانی بە حکومەتی ئیتحادی

ئەوەشی خستەڕوو:" لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری سلێمانی نوێنەری رێکخراوی  WHOی عێراقی راسپارد بە گەیاندنی پەیامی پارێزگای سلێمانی بە حکومەتی ئیتحادی بە مەبەستی پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی لە چارەسەرکردنی وشکەساڵی و دابینکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی لە بواری ئاوی پاکدا، لە رێگەی تەرخانکردنی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانەوە بۆ کۆتا پێهێنان بەم نەخۆشیی و مەترسیانەی هەڕەشە لە تەندروستی گشتی و ئاسایشی تەندروستیی عێراق و ناوچەکەش دەکەن".

ژمارەی توشبووانی نەخۆشی کۆلێرا لە سلێمانی روو لە کەمبوونەوە

دوابەدوای ئەوەش، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پارێزگاری سلێمانی ئەنجامی کۆبوونەوەکە خستەڕوو و باسیلەوەکرد:" بە هۆیی پابەندیی هاوڵاتییان و بەهەوڵی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی، کەرتی تەندروستی،  ئاوی پارێزگاکە، پشتیوانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی تەندروستی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی و رێکخراوی  WHO، ژمارەی تووشبوان رووی لە کەمبوونەوەیە و نەخۆشییەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، هەروەها بە هەستیاری تەواوەوە پێویستە هاوڵاتییان بەردەوامبن لەسەر خۆپارێزیی بۆ ئەوەی لە مانگەکانی داهاتوودا سەرهەڵنەداتەوە".


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا