رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، لە
چەند رۆژی داهاتوودا یاسای هەڵگرتنی چەک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم ئەو
شوێنانەی چەک دەفرۆشن رێکدەخرێنەوە و بەشێوەی ئەلیکتڕۆنی مۆڵەتیان بۆ دروستدەکرێت.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لە میانەی
بەشداریکردنی پرسەی هەردوو مامۆستای زانکۆ ( د. کاوان ئیسماعیل و د. ئیدریس
حەمەخان) کە دوێنێ لەلایەن خوێندکارێکەوە شەهیدکران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا
ئاماژەی بەوەکرد:" لەماوەی رابردوودا یاسایەکی نوێی هەڵگرتنی چەکمان لە
پەرلەمانی کوردستان تێپەڕاند و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش
جەختیلەوەکردووەتەوە کە دەبێت لە زووترین کاتدا ئەو یاسایە بچێتە بواری
جێبەجێکردنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو:" لە چەند رۆژی
داهاتوودا یاسا نوێیەکی هەڵگرتنی چەک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم ئەو
شوێنانەی چەک دەفرۆشن رێکدەخرێنەوە و بەشێوەی ئەلیکتڕۆنی مۆڵەتیان بۆ دروستدەکرێت".
بۆ داواکردنی مۆڵەتی چەک پێویستە کەسی پێشکەش چەند رێککارێکی کارگێڕی، یاسایی و تەندروستی بگرێتەبەر
راشیگەیاند:" بە گوێرەی یاسا نوێیەکە،
بۆ داواکردنی مۆڵەتی چەک پێویستە کەسی پێشکەش چەند رێککارێکی کارگێڕی، یاسایی و
تەندروستی بگرێتەبەر و هەر شوێنێکی فرۆشتنی چەکیش بەدەر لە رێککارە دیاریکراوەکان
چەک بفرۆشێت، رێککاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ روونیشیکردەوە:"
لەئێستادا هەندێک پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چەند شتێکی ناڕەوا کاردەکەن، کە
یەکێک لەوانە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناڕاستە لەبارەی فرۆشتنی چەکەوە، بۆ بنەبڕکردنی ئەو
دەنگۆیانەش داوامان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و ئاسایش کردووە، لە زووترین
کاتدا ئەو پەیجانە دیاریبکەن و رێککاری یاسایی بەرامبەر بگرنەبەر".
جەختیشیکردەوە:" هەر کەسێک داڵدەی تۆمەتباران بدات، وەک تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".