سەرەڕای ئەوەی پێشتر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا
سەپێنرابوو، تۆمەتباری کوشتنی هیشام هاشمی لەلایەن دادگاوە بڕیاری ئازادکردنی درا.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە
بڵاویکردەوە:" لە دانیشتنێکدا و دوور لە چاوی میدیاکان، دادگای تاوانەکانی
بەغدا بە بیانووی نەبوونی بەڵگەی پێویست، بڕیاری ئازادکردنی ئەحمەد حەمداوی
تۆمەتباری کوشتنی هیشام هاشمی دا".
ئاماژەی بەوەشکرد:" دادگا هەموو ئەو تۆمەتانەی
رەتکردەوە کە لەسەر دۆسیەی ئاماژەپێکراو ئاڕاستەی ئەحمەد حەمداوی کرابوون، هۆکاری
ئەو کارەش گێڕدراوەتەوە بۆ تەواونەبوونی بەڵگەکان".
لە رۆژی 6ی تەمموزی 2020، هیشام هاشمی چالاکوان و شارەزا
لە بواری ئەمنی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بە
سەختی بریندارکرا، پاش گەیاندنیشی بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی
لەدەستدا.
کوژرانی ناوبراو لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی
کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و ساڵێک دوای رووداوەکە، مستەفا کازمی سەرۆک
وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق دەستگیرکردنی بکوژانی ناوبراوی راگەیاند.
دواتر و لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، ئەنجومەنی باڵای
دادوەری عێراق رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی رەسافە سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەحمەد
حەمداوی تۆمەتباری کوشتنی هیشام هاشمی دەرکردووە.