لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە کاتەکانی دەوامی سەرجەم وەزارەت و جومگەکانی دەسەڵات.
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردراوە کاتی دەوامی فەرمی لە وەزارەتەکانی (دەرەوە، پلاندانان، کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو، ژینگە، کۆچ و کۆچبەران، پەیوەندییەکان، لاوان و وەرزش، رۆشنبیری، پیشەسازی و کانزاکان) لەگەڵ (بانکی ناوەندی و دیوانی چاودێری دارایی و ئەمیندارییەتی بەغدا و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی) لە کاتژمێر 7ی بەیانی دەستپێبکات و لە کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆدا کۆتایی بێت.
هەروەها، بڕیاردراوە دەوامی سێ سەرۆکایەتییەکە ( سەرۆکایەتی کۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نوێنەران) لەگەڵ وەزارەتەکانی ( ناوخۆ، بەرگری، تەندروستی، دارایی، کارەبا، داد، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی پەروەردە و سەرجەم خوێندنگەکانی)، لە کاتژمێر 8ی بەیانی دەستپێبکات و لە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ کۆتاییبێت.
هەر ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا، گواستنەوە، بازرگانی، ئاوەدانکردنەوە و دانیشتوان و شارەوانییەکان، نەوت) لەگەڵ ( هەردوو دیوانی وەقفی سوننی و شیعی، دامەزراوەکانی شەهیدەکان و زیندانیانی سیاسی، دەستەی باڵای حەج و عومرە، ئەنجومەنی دەوڵەت و سەرجەم دەستەکانی دیکە) لە کاتژمێر 9ی بەیانی دەستپێبکات و 3ی پاشنیوەڕۆ کۆتاییبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەوامی فەرمی لە زانکۆ و کۆلیجە حکومی و ئەهلییەکان لە کاتژمێر 10ی بەیانی دەستپێدەکات و گۆڕانکاریش لە پشووی کۆتایی هەفتە دەکرێت بۆیان.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە کە لە دوای پشووی جەژنی قوربان، خشتەی نوێی کاتەکانی دەوامکردن لە سەرجەم وەزارەت و جومگەکانی دەسەڵات بۆ ماوەی سێ مانگ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە وەک تاقیکاری، دواتر بەدواداچوون بۆ ئەنجامەکانی و ئەگەری جێگیرکردنی هەمیشەیی دەکرێت.