بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت

کوردستان 28/03/2024

Alternate Text

بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، پێویستە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکە نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەکرد:" پتەوکردنی هەوڵە جیهانییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی گرنگە، هەروەها پێویستە هەماهەنگیی هەبێت لە نێوان وڵاتان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر کە تاوەکو ئێستاش هەڕەشە لە مرۆڤایەتی ".

بە گوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی هەفتەی رابردووی مۆسکۆ کە خەڵکی مەدەنیی کردە قوربانی، سەرۆکی یەکێتی پرسە و هاوخەمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە گەل و وڵاتی روسیا.

لەبەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پابەندبوونی رووسیای بە ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەکە دووپاتکردەوە لە رێگەی سیاسەتی دەستوەرنەدان لە کاروبار و سەروەرییەکانی عیراق، هاوکات هەردوولا پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتییان لە عیراق و ناوچەکە دووپاتکردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و رووسیا کرایەوە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو:" پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کورد و رووسیا تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا بەپەرۆشییەوە جەختییان لە پەرەپێدان و فراوانترکردنی کردەوە، هەروەها هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لە دانانی نەخشەڕێگای پەیوەندییەکە، بەرزنرخێنرا و هەردوولا هاوڕابوون، پابەندبوون بەو نەخشەڕێیەوە دەبێتە مایەی فراوانکردنی هاریکاری و هەماهەنگییەکان و لەبەرژەوەندیی هەردوولا دەبێت ".

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا