گەورەبوونی پڕۆستات چەند جۆرە و هۆكار و چارەسەرییەكانی چیین؟!

تەندروستی پێش 4 هەفتە

Alternate Text

پزیشكی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری گورچیلە، میزەڕۆ و نەزۆكی پیاوان، لە بەشێكی دیكەی كۆزانیارییەكانیدا، كێشەی گەورەبوونی پرۆستات و هەنگاوە چارەسەرییەكانی دەخاتەڕوو.

 دكتۆر كاوە فەقێ رەحیم، پزیشكی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری گورچیلە، میزەڕۆ و نەزۆكی پیاوان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" پڕۆستات كۆمەڵێك كێشەی لە خۆ گرتووە و هەر جارێك بۆ كۆزانیارییەك باس لە یەكێك لە كێشەكانی دەكەین و كێشەی ئەم بەشەش كە باسی دەكەین، گەورەبوونی پڕۆستاتە".

گەورەبوونی پڕۆستات؛ گەورەبوونی پڕۆستات دوو جۆرە:

- گەورەبوونی ئاسایی.

- گەورەبوون بەهۆی شێرپەنجەوە.

1. گەورەبوونی ئاسایی:

پڕۆستات ئاسایی لەگەڵ تەمەنی پیاواندا گەورە دەبێت، لەسەروو (تەمەنی 35) ساڵیەوە ووردە ووردە پڕۆستات گەورەدەبێت، لە تەمەنی سەروو (50) ساڵییەوە زۆربەی پیاوان بەهۆی قەبارەی پڕۆساتەوە تووشی گرفت و كێشەی میز كردن دەبنەوە ئەویش بەڕێژەی (50-60%).

نیشانەكانی گەورەبوونی پڕۆستات:-

- نەخۆش بەشەوان زیاتر هەڵدەستێ بۆ میزكردن.

- میزەكەی باریك دەبێتەوە، واتە (بەهێواشی دێت و خوڕ نییە)، نەخۆش لەوانەیە زوو زوو بچێت بۆ میزكردن و پەلە پەلی پێبكەوێت؛ واهەست بكات كە میزەڵدانی بەتەواوی بەتاڵ نەبوەتەوە و میزی پێماوە دوای میز كردن. 

- نەخۆش لەوانەیە زوو توشی هەوكردنی میزەڵدان ببێت، یان بەردی میزەڵدان دروست بكات و تووشی خوێن بەربوون ببێت و میزەكەی سوورببێت، هەنێكجار نەخۆش لەوانەیە میزی بگیرێت و نەتوانێ میزبكات.

دەستنیشان كردنی نەخۆشیەكە:

نەخۆش دەبێت ببینرێت و پرسیاری تەواوی لێبكرێت لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە، پاشان پشكینی سەریری بۆ بكرێت و پشكنینی پڕۆستات لەكۆمەوە بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت قەبارەی پڕۆستات گەورەبووە و گرێی تیایە یان نا.

پاشان پشكنینی وەك میز، خوێن، سۆنەر و پێوانی خێرایی میز و ناڤوری میزەڵدانی بۆ بكرێت بەگوێرەی پێویست.

چارەسەر:

ئەگەر نیشانەكانی نەخۆشەكە بێزاركەرنەبێت و زۆر خراپ نەبێت ئەوە ئامۆژگاری نەخۆش دەكرێت كە خواردنەوەی شلەمەنی و چاو و قاوە و میوە لە شەودا پێش خەوتن كەم بكەنەوە وەلە كاتی خۆیدا میزبكەن، بەم شێوەیە شەوان كەمتر هەڵدەستن لە خەو بۆ میزكردن، بەڵام ئەگەر نیشانەكانیان زۆر و بێزاركەر بێت ئەوە دەبێت چارەسەر وەربگرن بەشێوەی حەب و گولاج بەشێوەیەكی درێژخایەن.

خۆئەگەر بە حەب و گولاج چارەسەرنەكرا ئەوە نەخۆشەكە پاش هەڵسەنگاندنی تەواو نەشتەرگەری پڕۆستاتی بۆ برێت.

2. شێرپەنجەی پڕۆستات:

 شێرپەنجەی پڕۆستات یەكێكە لە شێرپەنجە باوەكانی پیاوان لە ئەوروپاو ئەمریكا، لە هەر (16) پیاوێك، یەك پیاو توشی شێرپەنجەی پڕۆستات دەبێت و 3% پیاوان بەهۆیەوە دەمرن، بەڵام خۆشبەختانە ئەم ڕێژەیە لە كوردستان زۆر لەوە كەمترە.

هۆكاری شێرپەنجەی پڕۆستات:

وەك هەموو شێرپەنجەیەكی دیكە، هۆكاری تەواوەتی نەزانراوە، بەڵام هەنێ هۆكار لەوانەیە كاریگەری هەبێت لەسەر دروست بوونی وەك؛ جۆری خواردن و شێوازی ژیانی مڕۆڤ و ئاو و هەواو بوونی هەتاو و بۆماوەیی.

نیشانەكانی نەخۆشیەكە:

 شێرپەنجەی پڕۆستات لەسەرەتاوە هەمان نیشانەی گەورەبوونی ئاسایی پڕۆستاتی هەیەو بە نیشانەكان ناتوانرێ بزانرێ شێرپەنجەیە یان گەورەبوونی ئاساییە.

هەرپیاوێك كێشەی پڕۆستات و میزكردنی هەبێت دەبێت زۆر بەباشی پشكنینی بۆبكرێت

هەرلەبەرئەوەیە كە هەرپیاوێك كێشەی پڕۆستات و میزكردنی هەبێت دەبێت زۆر بەباشی پشكنینی بۆبكرێت بۆئەوەی دڵنیا بین كە شێرپەنجەی نیە.

لە مەرحەلەی كۆتایی نەخۆشیەكە ئەگەر زوو دەستنیشان نەكرێت نەخۆشەكە لەوانەیە تووشی (میزگیران یان گیرانی بۆری گورچیلە و سیست بوونی گورچیلەكان ببێت)، یان ئازاری پشت و ئێسقانی هەبێت ئەگەر شێرپەنجەكە چووبێت بۆ ئێسقانەكانی.

دەتسنیشان كردنی نەخۆشییەكە:

نەخۆش دەبێت ببینرێت وپرسیاری تەواوی لێبكرێت لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە، پاشان پشكنین سەریری بۆ بكرێت و پشكنین پڕۆستات لەكۆمەوە بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت قەبارەی پڕۆستات گەورەبووە و گرێی تیایە یان نا.

پاشان پشكنینی وەك پشكنین میز، خوێن، سۆنەر، پێوانی خێرایی میز و ناڤوری میزەڵدانی بۆ بكرێت بەگوێرەی پێویست.

هەنێكجار پێویست دەكات پشكنینی تیشكی ناووكی ئێسقان بۆ نەخۆشەكە بكرێت

دەبێت تیشكی ڕەنینی موگناتیسی بۆ بگیرێت و پاشان زەرعە لە پڕۆستات وەربگیرێت و پشكنین بۆ شێرپەنجەكەی ئەنجامبدرێت، هەنێكجار پێویست دەكات كە پشكنینی تیشكی ناووكی ئێسقان بۆ نەخۆشەكە بكرێت بۆئەوەی بزانرێت چووە بۆ ئێسقان یان نا.

چارەسەر:

 وەك هەمووشێرپەنجەیەك چارەسەر بەگوێرەی مەرحەلەی نەخۆشیەكەیە، ئەگەر لەسەرەتاوە دەستنیشان بكرێت ئەوا ئەتوانرێت نەشتەرگەری بۆ بكرێت و لاببرێت و نەخۆش بەتەواوی چاك بێتەوە.

نەخۆشیەكە لە ڕێگەی هۆڕمۆن و چارەسەری كیمیاوی و تیشكەوە دەبێت

بەڵام ئەگەر لە ئاستە كۆتاییەكاندا بێت ئەوە نەشتەرگەری سوودی نابێت و نەخۆشیەكە لە ڕێگەی هۆڕمۆن و چارەسەری كیمیاوی و تیشكەوە دەبێت.

ئامۆژگاریمان بۆ هاووڵاتیان ئەوەیە كە هەستیان كرد كێشەی میزكردن یان پڕۆستاتیان هەیە خۆیان ئیهمال نەكەن سەردانی پزیشك بكەن، چونكە ئەگەر شێرپەنجە بێت زوو پێی ئەزانرێت و ئەتوانرێت بنەبڕ بكرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا