پزیشكێكی پسپۆڕی بێھۆشكاری و ئازار شكاندن زانیاری ورد لە بارەی هۆكار، چارەسەر و دەستنیشانكردنی ئازاری قوولەپێ بڵاودەكاتەوە.
ھەڤین كمال شا محەمەد، پزیشكی پسپۆڕی بێھۆشكاری و ئازار شكاندن لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" هەر پێكانێك یاخوود برینداریەك یاخوود نەخۆشیەك لە بەشەكانی قوولەپێدا ئازار و ناڕەحەتی دروستدەكات و ئەویش پێكهاتووە لە ئێسكەكانی قاچ و پێ، بەستەرەكان، ماسولكە و ژێی ماسولكەكان، و شانە نەرمەكانی دەورووبەریا".
گرنگترین ئەو هۆكارانەی ئازاری قوولەپێ دروستدەكەن بریتیین لە:
1. لەجێچوون و ئازارگەیشتن بە قوولەپێ بەهۆی بادانی قوولەپێ لەكاتی وەرزش یاخوود كەوتن یاخوود جووڵەیەكی هەڵە.
2. پێكان و شكانی یەكێك یان زیاتر لە یەكێك لە ئێسكەكانی قوولەپێ.
3. هەوكردنی ژێی ماسولكەكانی دەوری قوولەپێ.
4. هەوكردنی كیسی بێرسای دەوری زێی ماسولكەكانی قوولەپێ و تێزانی ئاو تیایاندا و هەڵئاوسان.
5. داخورانی جومگەی قوولەپێ كە ئەمیش بەهۆی خراپ بەكارهێنان و ئەزێتدانی جومگەكەوە بەتایبەت لەكەسی سەروو شەست وپێنج ساڵدا یاخوود بەهۆی نەخۆشی ڕۆماتیزمەكانەوە.
6. فلات فووت یاخوود ئەو كەسانەی بنی پێیان تەختە و قەوسی تەواویان نییە.
7. نەخۆشی دەردەشاهانە و دەردەشاهانەی درۆزن، "داو الملوك".
8. نەخۆشی لوپەس كە حاڵەتێكی دەگمەنە و ئازاری جومگەكان دروستدەكات.
9. هەوكردن و سووربوونەوەی خانەی پێستی قوولەپێ یاخوود هەوكردنی ئێسكەكان بەهۆی بەكتیریاوە.
لەهەندێك نەخۆشیدا پێویستی بە ئەنجامدانی هەندێك پشكنینی خوێن
دەستنیشانكردن كێشەكە:
لەڕێگای پشكنینی سەریری لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە و هەروەها هەندێكجار لەهەندێك نەخۆشیدا پێویستی بە ئەنجامدانی هەندێك پشكنینی خوێن هەیە وەك لە حاڵەتی دەردەشاهانە و ڕۆماتیزم ، ئەنجامدانی سۆنەر و تیشكی ئێكس ڕەی بۆ زانینی هەر هەوكردن و شكانێك لە بەستەر و ئێسكەكاندا، ئەگەر بەم پشكنینانە نەتوانرا دەستنیشانبكرێن ئەوا دەبێت ئەشیعەی تەنووری بگیرێت.
چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بریتییە لە:
- پشوو : هەر كاتێك تووشی پێكان بوویت دەبێت پشووی پێبدەیت و هەوڵ بدەیت قاچ و پێیەكانت بە بەرزی راگریت.
- دانانی سەهۆڵ یاخوود پاكی سارد بۆ ماوەی پانزە خوولەك لەشوێنی ئازارەكە، نابێت لە بیست خوولەك زیاتر بێت كاتەكەی.
- بەستنی باندج یاخوود كیفی قوولەپێ بۆ كەمكردنەوەی هەوكردنەكە، بەڵام ئاگاداربە نابێت زۆر بە تووندی ببەسترێت.
- بەكارهێنانی دەرمانی دژە هەوكردنە ناستیرۆیدەكان كە هەوكردن كەمدەكەنەوە و ئازاریش ناهێڵن، بەڵام نابێت بێڕای پزیشكی پسپۆڕ بخورێت، چونكە زیانی هەیە لە هەندێك كەسدا بەتایبەت ئەوانەی كێشەی دڵ و گورچیلەیان هەیە.
- لەهەندێك حاڵەتدا كە هەوكردن و ئاوتێزان ڕوودەدات لە جومگەكەدا پێویستی بە ڕاكێشانی ئاو دەكات لە جومگەكە و هەروەها ئەنجامدانی دەرزی دژە هەوكردن بۆ جومگەكە.
- ئەنجامدانی دەرزی پلازما لەكاتی برینداربوونی بەستەر و ژێی ماسولكەكانی دەوری قوولەپێ كە ئەمیش لەوانەیە سێ جەلسەی بوێت.
- چارەسەركردن بە ئامێری شۆك وەیڤ بۆ جومگەكە و بەستەر و ژێی ماسولكەكانی دەوروبەری كە هەوكردن و كلسی زیادە و داخوران ناهێڵێت، ئەمیش پێویستی بە چەند جەلسەیەك هەیە.
- چارەسەری سروشتی و ئەنجامدانی وەرزشی تایبەت بۆ بەهێزكردنی ماسوولكە و بەستەری دەوری قوولەپێ.
- نەشتەرگەری كە لەهەندێك حاڵەتی شكان و پچڕانی بەستەر و ژێی ماسولكەكان پێویست دەكات.
ئەو كەسانە كێن كە ئازاری قوولەپێیان زیاتر بۆ دروست دەبێت؟!:
- ئەو كەسانەی كە هەندێك وەرزش دەكەن كە ڕێژەی پێكان زۆرە تیایاندا وەك فوتبۆڵێن و ئەو وەرزشانەی بازهەڵدان و ڕاكردنی زۆری تیادایە.
- ئەو كەسانەی تەمەنیان سەروو پەنجا ساڵە.
- ئەو كەسانەی كێشی جەستەیان زۆرە و فشارێكی زۆر دەخەنە سەر قولەپێیان.
- ئەو كەسانەی بۆ ماوەیەكی زۆر بەپێوە دەوەستن.