لە رێگای تیمێكی تایبەتیانەوە ڤیم فاوندەیشن ماوەی سێ رۆژە بەردەوامە لە پاككردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان كە بەهۆی پاشماوەی نەخۆشخانە و سەیرانكارانەوە بەتەواوەتی پیس بوو.
لەبارەی هەڵمەتی پاككردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان لە پاشماوەكان، بەرپرسی پڕۆژەكەی ڤیم فاودەیشن بە پەیامێری BMC راگەیاند:" بەهۆی نەبوونی فلتەر لەسەر ئاوی تانجەرۆ پاشماوەی سەیرانكاران و نەخۆشخانە و پاشماوە ماوەبەسەرچووەكان لەنێو بەنداوی دەربەندیخان كۆبووەتەوە و سەرەنجامیش بڕیارماندا ئەم هەڵمەتە بە خێرایی جێبەجێبكەین".
لە ماوەی سێ رۆژدا زیاتر لە 100 تۆن پاشماوە لە بەنداوەكە هێندراوەتە دەرەوە
وتیشی:" لە ماوەی سێ رۆژی كاركردنی تیمەكەماندا زیاتر لە 100 تۆن پاشماوەمان لە بەنداوی دەربەندیخاندا هێناوەتە دەرەوە و هەڵمەتەكەشمان تا ئێستا بەردەوامی هەیە".
لە ئێستادا لەبەشی خوارەوەی بەنداوەكەدا كاردەكەین
ئاماژەی بەوەشكردووە:" پێشتر لەسەر ئەم پڕۆژە هاوشێوانە كارمانكردووە، لە ئێستادا لەبەشی خوارەوەی بەنداوەكەدا كاردەكەین، چونكە نەماندەزانی بەم رێژەیەی ئێستا پاشماوەی خۆڵ و خاشاك لەنێو بەنداوەكەدایە".
بەنداوەكە 300 تۆن خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی لەخۆ گرتووە
روونیشیكردەوە:" هەوڵەكانمان بۆ بەردەوامبوون لە سەر پێشكەشكردنی پڕۆژەی هاوشێوە بەردەوامی دەبێت و تا ئێستاش بەپێی بەدواداچوونەكانمان بەنداوەكە 300 تۆن خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی لەخۆ گرتووە".