لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكانی هەرێم زانیاری لەبارەی كورتهێنان لە بەرهەمهێنان كارەبا؛ پاش هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆرۆ ئاشكرا دەكەن.
وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكی هاوبەشدا بڵاویانكردەوە:" بەهۆی هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆرەوە، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راوەستاون، بەهۆشیەوە نزیكەی دوو هەزار و 500 مێگاوات كارەبا كەم بووەتەوە و ستافی هەردوو وەزارەتیش لەگەڵ لایەنە هاوبەشەكانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و دووبارە دەستپێكردنەوەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا".
هێرشەكە لە كاتژمێر 06:45 خولەكی ئێوارە رویداوە
لەلای خۆشییەوە رەمك رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە لێدوانێكدا رایگەیاند:" هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە كاتژمێر 06:45 خولەكی ئێوارە رویداوە و تیمی جیا و هێزی ئەمنیمان رەوانەی شوێنی هێرشەكە كراون".
كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێتە شارۆچكەی قادر كەرەم لە قەزای چەمچەماڵ و كۆمپانیای دانەغاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەكەن.