عێراق بۆ پاراستنی ‌هێڵی گواستنەوەی وزە پشت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبەستێت

عێراق 22/06/2021

Alternate Text

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە بەکاردەهێنن.

"لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی چینی لێکتێگەیشتمان هەیە بۆ ئەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان بۆ دابین بکەن"

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٢ی حوزەیران، لیوا خالید ئەلمحەنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" بە مەبەستی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا و بەرهەمە نەوتییەکان، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی چینی لێکتێگەیشتنمان هەیە بۆ ئەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان بۆ دابین بکەن و پاڵپشتی نێودەوڵەتیش بۆ ئەو مەبەستە بەدەستهاتووە ".

ئاماژەی بەوەشکردووە:" بەمزووانە رێککەوتن لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی چینی ئیمزا دەکەین و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان بۆ دابین دەکەن و لە رێگەیەوە سنوورەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا و بەرهەمە نەوتییەکان دەپارێزین ".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا بەردەوام هێرش دەکرایەسەر هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لە عێراق و بەهۆیەوە کارەبای هەندێک ناوچە بۆ چەند رۆژێک دەپچڕا، بەردەوامیش پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی رێکخراوی تیرۆرستی داعش دەکرێت .

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا