فەهمی بورهان: بەشێوەیەکی ئاشکرا زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد داگیردەکرێت

کوردستان 29/06/2022

لەلایەن: ڕێبەر

Alternate Text

فەهمی بورهان رایگەیاند، بەشێوەیەکی ئاشکرا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد داگیردەکرێت.
فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" بەڵێنمانداوە لە رێگەی خەونێکی هاوبەشەوە مامەڵەیەکی هێمن لەگەڵ ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا بکەین، هەتاوەکو کۆی بڕگەکانی ماددەی ١٤٠ لەو ناوچانە جێبەجێ نەکرێت نابێت قسە لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و ئیداری و سیاسی بکەین".

بەشێوەیەکی ئاشکرا و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە لە ژێر ناوێکی دیکەدا تەعریب بەجۆرێکی دیکە درێژەی هەیە

ئاماژەی بەوەشکرد:" ئێمە زۆر نیگەرانین لە بارودۆخی ئیداری و خزمەتگوزاری ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بەشێوەیەکی ئاشکرا و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە لە ژێر ناوێکی دیکەدا تەعریب درێژەی هەیە و زەویە کشتوکاڵیەکانی کورد داگیردەکرێت".

لە زۆر جێگاش دەبینرێت کە هێزە ئەمنییەکان پاڵپشتی ئەو جۆرە جوڵانە دەکەن کە دژی کورد دەگیرێتە بەر

باسیلەوەشکرد:" لە زۆر جێگاش دەبینرێت کە هێزە ئەمنییەکان پاڵپشتی ئەو جۆرە جوڵانە دەکەن کە دژی کورد دەگیرێتە بەر هەموو ئەوانەش پێچەوانەی بنەماکانی ئاشتی و ئەو خاڵانەیە کە هەردوولا لەسەری رێککەوتوون".

دەبێت وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد زۆر بە هێمنی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین

فەهمی بورهان وتیشی:" بۆمان دەرکەوتووە، لە دوای جەژنی قوربان ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراقدا و ئەمەش بابەتێکی مەترسیدارە و دەبێت وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد زۆر بە هێمنی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و ناکرێت بێباک بین بەرامبەری، دەبێت بە وردی خوێندنەوە بکرێت و پاشان سەرژمێری ئەنجام بدرێت".

ئێستا لە خانەقین عەرەبێکی زۆری هاوردە کە لدوای ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ قەرەبووکراونەتەوە گەڕاوەنەتەوە

ئاشکراشیکرد:" ئێستا لە خانەقین عەرەبێکی زۆری هاوردە کە لدوای ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ قەرەبووکراونەتەوە گەڕاوەنەتەوە ناوچەکانی خۆیان، بەپێچەوانەشەوە کۆچێ پێچەوانەی کوردان بوونی هەیە لە خانەقینەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی گەرمیان سلێمانی، لە دەوروبەری کەرکوکیش جارێکی دیکە زەوی داگیر دەکرێت و لە رووی خزمەتگوزاری و ئەمنهیشەوە دۆخی تەواوی ناوچەکە خراپە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا