ئایا بەنداوی موسڵ مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە؟

عێراق 25/03/2024

Alternate Text

دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە بەنداوی موسڵ مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە، سەرچاوەکانی ئاوی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

ئەمشەوی دووشەممە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لە کاتێکدا کە وەزارەت سەرجەم ئەو دەنگۆ بێبنەما و چەواشەکارە رەتدەکاتەوە، پارێزگاری لە مافی خۆی دەکات بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دژی ئەو لایەنانەی دەنگۆی وا بڵاودەکەنەوە و شەقامی عێراقی دەهەژێنن.

باسی لەوەش کردووە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو جەخت دەکاتەوە لە سەلامەتی بەنداوی موسڵ و رایدەگەیەنێت کە لە باشترین دۆخدایە بۆ وەرگرتنی هەر بڕێک ئاو لە داهاتوودا، ئەویش بەهۆی ئەوەی هێشتا دەریاچەکەی پڕ نەبووە.

وەزارەتەکە دەشڵێت، کارەکانی چاککردن و پڕکردنەوە لە بەنداوەکە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەردەوامە، کە ئەمە لە چەند جارێکدا دووپاتکراوەتەوە.

جێی ئاماژەیە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا، چەند دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا باسیان لەوە دەکرد مەترسی لەسەر هەرەسهێنانی بەنداوی موسڵ هەیە، کە یەکێک لەو دەنگۆیانە بەناوی حکومەتی خۆجێی پارێزگای نەینەواوە کرابوو و دەوترا کە ناچاران بە بەتاڵکردنی برێک ئاوی بەنداوەکە بۆ رێگریکردن لە هەرەسهێنانی، کە ئەگەر وانەکرێت کارەساتی لێدەکەوێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا