بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە بارەی پێشنیازێكەوە بۆ بەشداریكردن لە خولێكی بەهێزكردن و پێدانی بڕێك پارە بە مامۆستایان لە بەرانبەریدا، زانیاری بڵاویكردەوە.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە میانەی لێدوانێكدا رایگەیاند:" بەهیچ شێوەیەك لە وەرزی هاویندا دەوامی ناچاری بە خوێندكاران و مامۆستایان ناكرێت، ئەوەی پێشنیاركراوە خولی بەهێزكردنە بۆ نەك دەوامی ناچاری".
تەواوی خەرجییەكە لەسەر وەزارەتی پەروەردەيه
ئەوەشیخستەڕوو:" ئەم پێشنیارە لە ساڵانی رابردوودا بوونی هەبووە و خوێندكار بڕێك پارەی دەدا، بەڵام ئەمساڵ پێشنیازیان كردووە خوێندكار هیچ پارەیەك نەدات، تەواوی خەرجییەكە لەسەر وەزارەتی پەروەردە ببێت".
بۆ تەواوی پڕۆژەكە، داوای دوو ملیار و 547 ملیۆن و 500 هەزار دینارمان كردووە
ئاشكراشی كردووە:" بۆ تەواوی پڕۆژەكە، داوای دوو ملیار و 547 ملیۆن و 500 هەزار دینارمان كردووە و بۆ هەموو ئەوانەی بەشداری دەكەن بڕێك پارە دیاری كراوە، بەنموونە هەر مامۆستایەك كە ئارەزوومەندانە بەشدار دەبێت، بۆ هەر مانگێك 400 هەزار دینار وەردەگرێت".