لاهور شێخ جەنگی: ئێمە بەشداری شەڕی دۆڕاوی براکوژی ناکەین

کوردستان 22/06/2021

Alternate Text

لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، ئەوان بەشداری شەڕی دۆڕاوی براکوژی ناکەن و داوا دەکەن کۆتایی بەو گرژییانە بهێندرێت کە لە ئارادان.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی حوزەیران، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد:" لە سلێمانی پێشوازیمان کرد لە ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و رۆب واڵەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ."
دەقی بڵاوکراوەکەی هاوسەرۆکی یەکێتی:

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پێشوازیمان کرد لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی هاوڕێیان.لە دیدارێکدا بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکان، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.
هاوڕا بووین لەسەر یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان لە پێناو ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی هەرێم، ئاماژەمان بە پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان کرد لە نێوان یەکێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە پێناو یەکڕیزی و بەهێزیی پێگەی کورد لە بەغدا، هاندەریش دەبین بۆ لایەنەکانی تر کە دوای هەڵبژاردن بێنە ژێر چەتری ئەو هاوپەیمانیەتییە، چونکە ئێمە وایدەبینین بەیەکەوە بەهێزترین و دەتوانین تەواوی مافەکانی کورد لە بەغدا بەدەستبهێنین.
دووپاتمان کردەوە ئێمە بەشداریی شەڕی دۆڕاوی براکوژی ناکەین و داوا دەکەین بە ئاشتی کۆتایی بەو گرژییانە بهرێندرێت کە لە ئارادان.
دووپاتمان کردەوە کە وەک‌‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ چاکسازیی و یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، جەختمان کردەوە کە ڕاگرتنی بنەمای هاوسه‌نگیی و باڵانسی هێز و یه‌كسانی له‌ فه‌رمانده‌یی و مه‌شق و چه‌كدا دەبێتە مایەی زەمینەیەکی گونجاو بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانیش دەببێتە خاوەنی هێزێكی نیزامیی مه‌شقپێكراوی تۆكمه‌ی نیشتمانی.بەردەوامی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان لە عێراق بە پێویست زانی بۆ هاوکاریکردنی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بە تایبەت لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاماژەمان بە دۆخی شنگال کرد و جەختمان کردەوە لەسەر پەراوێزنەخستن و بەشداریپێکردنی ئێزدییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی شنگال کە فاکتەرێکی گرنگە بۆ دابینکردنی ئارامیی قەزاکە.پێزانینمان پێشکەش بە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و لە هەرێم، هیوای سەرکەوتنمان بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتووی.وەک سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانیی خۆمان بۆ هەوڵ و چالاکیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا