ئۆتیزم چییە؟ چۆن منداڵی ئۆتیزم بناسینەوە؟

تەندروستی پێش 4 هەفتە

Alternate Text

بەگوێرەی زانیارییەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، ئۆتیزم بریتییە لە تێكچوونی رەفتار و كارلێكە كۆمەڵایەتییەكان لە پەیوەندیكردن و فێربووندا، ساڵانە لە رۆژی 2ی نیسان هەڵمەتی هۆشیاری و خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان بۆ ئەم نەخۆشییە تاوتوێ دەكرێن، چونكە لەكۆی 100 منداڵ یەكێكیان تووشبووی ئۆتیزمە.

 هەندێك زانیاری سەبارەت بە نەخۆشی ئۆتیزم: 

ئۆتیزم نەخۆشییەكی ئاڵۆزی مێشكە و بەهۆی هەندێك گرفتەوە لە كۆئەندامی دەماردا دەردەكەوێت، پزیشكان پێناسەی دەكەن بە تێكچونی باری گەشەكردنی ئەقڵ، كە كاریگەری لەسەر مێشك دەبێت لەڕووی چالاكی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكانی بەدەوروبەرەوە لە سێ ساڵی یەكەمی تەمەنی مرۆڤدا دەرەكەوێت.

پزیشكان دەڵێن ئەو منداڵانەی لە قۆناغێكی سەرەتایی توشبونیاندان و دەستنیشاندەكرێن زوو دەست بەچارەسەریان دەكرێت، مێشكیان باشتر گەشە دەكات و رەفتار و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانان رێكخراوترە.

نیشانەكانی ئۆتیزم:

بۆ دەستنیشانكردنی ئەوەی منداڵەكەمان ئۆتیزمی هەیە، پێویست بە چاودێری چر و كەسانی پسپۆڕی بوارەكە دەكات، لەبەر ئەوەی یەك بۆ دو نیشانە لەم بابەتەدا یەكلاكەرەوە نییە و دەبێت كەسانی پسپۆر بابەتەكە یەكلابكەنەوە.

وێژەرانی ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە ئەمریكا سیستەمێكی ئەلیكترۆنیان داهێناوە بۆ یارمەتیدانی پزیشكان لە  پێشبینیكردن و دەستنیشانكردنی ئەگەری تووشبوونی منداڵان بە ئۆتیزم.

تووشبووانی ئۆتیزم  نیشانەی جیاوازی لەخۆگرتووە

دكتۆر كۆشی شین، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی پێن ستەیت ئاماژەی بەوەكردووە:"سیستەمە ئەلیكترۆنییەكە هۆكارەكانی ئەگەری تووشبوون بە ئۆتیزم دەدۆزێتەوە و رێژەیەك بۆ ئەو ئەگەرە دادەنێت، چونكە توێژینەوەكانی پێشتر پشتڕاستی دەكەنەوە، تووشبووانی ئۆتیزم  نیشانەی جیاوازی لەخۆگرتووە وەكو هەندێك جۆری هەوكردن، كێشەی جووڵە، سەرئێشە، تێكچوونی كۆئەندامی هەرس و هەندێك رەفتاری جیاواز".

چەند خاڵێك سەبارەت بە نیشانەكانی ئۆتیزم:

 نیشانەكانی ئۆتیزم زۆرجار بەر لەوەی منداڵەكە بگاتە تەمەنی سێ ساڵ دەردەكەون، هەندێكیان هەر لەگەڵ لەدایكبووندا نیشانەكان پیشان دەدەن، نیشانە بڵاوەكانیش بریتین لە:
- لاوازی پەیوەندی چاو (چاو بۆ چاو). 

- هەبوونی حەز و خولیا لە تەنها چەند بابەتێكی زۆر بەرتەسكدا، یان خولیایەكی قوڵ لە بوارێكی دیاریكراودا. 

- ئەنجامدانی هەمان شت چەند جارێك، وەكوو دووبارەكردنەوەی وشە و ڕستەكان، سوڕاندنی دەسكێك، هاتنەپێشەوە و چوونە دواوە (وەكوو بێشكە).

- زۆر هەستیاربوون بە دەنگ و دەستلێدان و بۆنكردن و ئەو دیمەنانەی لای كەسانی تر ئاسایین.

- سەیرنەكردن و گوێ نەگرتن بۆ كەسانی تر.

- سەیرنەكردنی ئەو شتانەی كەسی بەرامبەر ئاماژەی بۆ دەكات.

- نایانەوێ هەڵبگیرێن یان بیاننوسێنیت بە خۆوە. 

- كێشە لە تێگەیشتن یان بەكارهێنانی قسە و ئاماژە و دەربڕینی دەموچاو و تۆنی دەنگ. 

- قسەكردن بە شێوەی گۆرانی و تەخت و دەنگی ڕۆبۆتی.

- كێشە لە خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی ڕۆتینەكان.

- هەندێك منداڵی توشبووی ئۆتیزم ڕەنگە توشی فێ ببن، بەڵام ئەمە تا تەمەنی هەرزەكاری دەرناكەوێت.

هۆكارەكانی ئۆتیزم:

 - هۆكاری تەواوەتی ئۆتیزم دیارنییە، دەكرێت سەرچاوە بگرێت لە كێشەی چەند بەشێكی مێشك كە تێچوونە هەستییەكان وەردەگرێت و كردەی زمان چارەسەردەكات.

- ئۆتیزم لە نێردا چوار هێندەی مێ بڵاوە، دەكرێت لە هەموو ڕەگەز و نەژاد و كۆمەڵگایەكدا ڕووبدات، داهاتی خێزان و شێوەی ژیان و ئاستی پەروەردەیی كاریگەرە ناكەنە سەر ئەگەری توشبوون بە ئۆتیزم. 

- ئۆتیزم لە خێزانەكاندا بڵاوە، بۆیە دەكرێت كۆمەڵێك جین كاریگەرییان هەبێت لە زیادبوونی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكە.

- منداڵێكی خاوەن دایك و باوكێكی گەورە ئەگەری توشبوونی زیاترە. 

- ئافرەتانی دووگیان كە ڕووبەڕووی دەرمان یان ماددەی كیمیایی دەبنەوە وەكوو كهول و دەرمانەكانی دژە فێ، ئەگەری ئەوەی منداڵەكانیان ئۆتیزمی هەبێت زیاترە، لە هۆكارەكانی تریش بریتین لە حاڵەتی زیندەیی دایكەكە وەكوو هەبوونی شەكرە یان قەڵەوی.

- هەروەها توێژینەوەكان باس لە پەیوەندی فەنیلكیتۆن یوریای چارەسەرنەكراو و سورێژەش دەكەن.

چارەسەری ئۆتیزم :

 توێژینەوەكان سەلماندویانە باشترین چارەسەر دەستێوەردانی پێشوەختە لە پێش تەمەنی سێ ساڵی منداڵەكەوە دەبێت كۆمەڵێك چارەسەر هەن بۆ تووشبووانی ئۆتیزم، كە زۆربەیان پەیوەستن بە چارەسەری رەفتار و گەشەی منداڵان  تاكو ئێستا دەرمانێكی تایبەت بۆ نەخۆشییەكە نەدۆزراوەتەوە. 

هەندێكجار منداڵان راهێنانیانی تایبەتیان پێدەكرێت، تاكو بتوانن خۆیان خواردن بخۆن و خۆیان پاكبكەنەوە، هەروەها فێری گفتوگۆكردن و چالاكی جەستەیی دەكرێن، هەروەك لە زۆر وڵات قوتابخانە و فێرگەی تایبەت هەن بۆ خوێندنی منداڵانی ئۆتیزم كە پێویستە لەلایەن ڕاهێنەران و شارەزایانی ئەو بوارەوە چاودێری بكرێن و چارەسەرەكان لای ئەوان بكرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا