بلۆقی ئێسكی بنی پەنجە گەورەی پێ چییە؟!

تەندروستی پێش 4 هەفتە

Alternate Text

پزیشكی پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج زانیاری، هۆكار و چارەسەری دیاردەی بلۆقی ئێسكی بنی پەنجە گەورەی پێ بڵاودەكاتەوە.

 ‎ هەڤین كەمال شا محەمەد، ‎پزیشكی پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" رایگەیاند:" ئەم حاڵەتە بە ئینگلیزی پێدەوترێت (bunion) یاخود بە تێرمە توبیەكەی پێدەوترێت hallux valgus كە بریتییە لە بوونی بلۆقێكی ئێسك لە بنی پەنجە گەورەی پێ، لەو جومگەیەدا كەپەنجە گەورە دەبەستێتەوە بە ئێسكی پێوە وە (MTp  joint )، ووردە وردە دروست دەبێت و گەورە دەبێت بەشێوەیەك پەنجە گەورەی پێ بەرەو ناوەوە دەبات".

نیشانەكانی: 

 سەرەكیترین نیشانەكانی،  بوونی بلۆقێكی ئێسكە لە جومگەكەدا،  هەندێك جار ئازاری هەیە، ئاوسان،  سوربوونەوە، هەندێك جار وادەكات نەتوانیت پەنجەكانی پێت بجوڵێنیت بەتایبەتی پەنجە گەورە.

هۆكارەكانی:

 هەر هۆكارێك ببێتە هۆی ئاوسانی جومگەكە و  گەورە بوونی، دەبێتە هۆی دروست بوونی بلۆقی ئێسكی،  وەكو نەخۆشی ڕۆماتیزمی جومگەكان (rheumatoid arthrites )، پێڵاوی تەسك و نەگونجاو ، هەندێ كەس تەنیا بەهۆی شێوەی پێیان واهەڵكەووتووە و بۆماوەییە. 

- بونیەن لە تەمەنی هەرزەكاری (Adolescent bunion):

بریتییە لە بوونی ئەم حاڵەتە كە زیاتر لە كچی تەمەن (10-15) ساڵ روودەدات ، هەندێ جاریش لەوانەیە كوڕان توشیان بێت، پزیشكەكان دڵنیا نین بۆچی كچان زیاتر تووشی ئەم حاڵەتە دەبن ، بەڵام هەندێك دەڵێن هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی جۆری پێڵاو لەو تەمەنەدا ، لەم تەمەنەدا بوونی بونێۆن ڕێگری ناكات لە جوڵاندنی پەنجە گەورە وەكو چۆن لەگەورەدا ڕووئەدات بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئازاری هەیە ، لە كوڕاندا زیاتر بەهۆكاری بۆماوەیی ڕووئەدات ، وەك لە هۆكاری نەخۆشی.

-بونێۆنی بەرگدرووەكان (tailoers bunion ): 

لەم حاڵەتەدا زیاتر ئەو جومگەیە دەگرێتەوە كە پەنجە بچووكی پێ ئەبەستێتەوە بە ئێسكی پێ وە ، وەزیاتر بەرگدرووەكان تووشی ئەم حاڵەتە دەبن بە هۆی شێوازی دانیشتنیان بۆ ماوەیەكی زۆر كەفشار دەخەنە سەر ئەو لایەی پەنجە بچووكی پێ و دەبنە هۆی دروست بوونی ئەم حاڵەتە.

دەست نیشانكردن: 

 پزیشكەكەت تەنیا بەپشكنینی سەریری ئەتوانێت پێت بڵێت كە ئەم حاڵەتەت هەیە ، بەڵام پێویستە ئەشیعەی ڕەش وسپی (x ray) بگیرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایە جومگەكەی تێكشكاندووە  و ئایە حاڵەتەكە تا چەند پێشكەووتووە ، هەروەها بۆ زانینی هۆكاری دروست بوونەكەی كە یاریدەدەرە لە چارەسەركردنی.

چارەسەركردن: 

 1. گۆڕینی پێڵاو: 
باشترین ڕێگا هەندێ جار تەنیا گۆڕینی پێڵاوە بۆ پێڵاوێكی گونجاو كە پزیشكەكەت یارمەتیت ئەدات ، دەبێت بەردەمی پێڵاوەكە پان بێت و جێگای هەبێت بۆ پەنجەكان بە ئیسراحەت ، نابێت پاژنەكەی لە دوو ئینج زیاتر بێت ، پاژنەی بەرز فشار دەخاتە سەر ناوەڕاستی پێیەكان و دەبێتە هۆی دروست بوونی بونێۆن ، دووركەوە لە پاژنەی بەرز ، پێڵاوی نوكدار ، پێڵاوی تەسك.
2. بەكارهێنانی ساردی: 

بۆ كەم كردنەوەی ئازار و ئاوسان دەتوانیت كیسێك سەهۆڵ یاخود ئەو جێڵانەی لە بەفرگردا سارد دەكرێن ، یاخود سەهۆڵ خاولیەكی تێوە بپێچیت بیبەستیت لە دەوری ئاوساییەكە ، نابێت لە 20 خولەك زیاتر بپێچرێت ، چونكە پێیەكان كەمتر شانەو ماسولكەیان هەیە ، دانانی سەهۆڵ لەو ماوەیە زیاتر دەبێتە دروستبوونی سووتانەوە بە سەهۆڵ (ice burn)..
ئەگەر كێشەی دەمار یاخود تەسك بوونەوەی بۆری خوێنەكانت هەبوو باشترە پرس بە پزیشكەكەت بكەیت پێش دانانی سەهۆڵ.

3. بەكارهێنانی ناوپۆش: 

ناوەخن یان ناوپۆشی تایبەت بۆ پەنجە گەورە یارمەتی كەم بوونەوەی ئازارەكەی دەدات و ڕێگری لە زیادبوونی دەكات ، بەڵام باشترە قسە لەگەڵ پزیشكەكەت دا بكەیت ، بۆ ماوەیەكی كاتی بەكاری بێنیت بزانیت یاریدەت ئەدات و ئایا قەبارەكەی گونجاوە ، چونكە ئەگەر گونجاو نەبێت كێشەی زیاتر دروست ئەكات.
هەندێك وەرزشی تایبەت هەیە كەدەبێت ئەنجامبدرێت ڕۆژانە ، بۆ كەمكردنەوەو ڕێگرتن لە زیادبوونی بلۆقی ئێسكەكە. 

4. دەرمان: 

ئازار شكێنەكان وەكو ئەسیتامینۆفین ، پرۆفین ، ناپرۆكسین ، ئازار و ئاوسان كەم دەكەنەوە ، ئەگەر كێشەی نەخۆشی ڕۆماتیزم یان كێشەی ترت هەبێت بەپێ حاڵەتەكە چارەسەر دەكرێت و ئەگەر ئازارەكە بە چارەسەر چاك نەبوو ئەوە لێدانی دەرزی دژە هەوكردن لە ژێر ئامێری سۆنەردا بۆ جومگەكە دەكرێت. 

5. ئامێری شۆك وەیڤ: لە ئێستادا یەكێكە لە باشترین چارەسەرەكان كە ئەو كالسێۆمەی دەوری جومگەكە كۆبۆتەوە دەیشكێنێت و بەڕێژەیەكی زۆر هەوكردنەكەی كەمدەكات و كۆلاجینی زیاتر لە جومگەكە دروست دەكات. 

6. نەشتەرگەری: 

ئەگەر ئەو چارەسەرانەی سەرەوە سوودی نەبوو ، نەشتەرگەری بۆ ڕێكردنەوەی پەنجە گەورە لەوانەیە سوودی هەبێت ، ئەم نەشتەرگەرییە بۆ تەمەنی هەرزەكاری ناكرێت چونكە شێوەو قەبارەی پێیەكان دەگۆڕێن و هەمان حاڵەت لەوانەیە دروست بێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا