دەربارەی رێگاكانی دەستنیشكردنی چاو كزی و پشكنینە پەیوەستدارەكەی، پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و نەشتەرگەری چاو روونكرەوە دەدات.
كۆسار عەلی رەشید، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و نەشتەرگەری چاو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" چاوكزی بریتییە لە كەمبوونەوەی ئاستی بینینی چاو، دەستنیشانكردنی چاو كزی بریتییە لە پشكنینی گشتگیر بۆ چاو كە لەلایەن پزیشكی چاوەوە ئەنجام دەدرێت و بەندە بە وەرگرتنی مێژووی پزیشكی و پشكنینی جەستەیی لەگەڵ پشكنینی چاو".
پشكنینەكانی چاو بریتیین لە:
- پشكنینی بینین: ئەمە پشكنینێكی بنەڕەتی چاوە داوا لە كەسەكە دەكرێت لە دوورەوە پیتەكان یان هێماكان بخوێنێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی روونی و تیژی بینین.
- پشكنینی شكاندن: بۆ دیاریكردنی هەڵەكانی شكاندن وەك نزیكبینی، دووربینی، یان ئاستیگماتیزم.
- پشكنینی پەستانی چاو (تۆنۆمێتری): ئەم پشكنینە پەستانی ناو چاو دەپێوێت و زۆرجار بۆ دەستنیشانكردنی ئاوی رەشی چاو ئەنجام دەدرێت.
- پشكنینی بواری بینین (visual field): ئەم پشكنینە یەكێكە لە گرنگترین جۆرەكانی پشكنین كە ئەو نەخۆشانەی بەرزی فشاری چاویان هەیە پێویستیانە؛ لەگەڵ ئەم پشكنینەدا، ڕێژەی زیانبەركەوتنی دەماری بینین و قۆناغی نەخۆشیی نەخۆشەكە دیاریدەكرێت.
- پشكنین تۆڕی چاو (Fundoscopy): ئەم ئامێرە پشكنینێكی ورد ئەنجامدەدات بۆ هەموو خوێنبەرە وردەكانی ناو تۆڕی چاو و هەر كێشەیەكی چاو كە پەیوەند بە چاوكزییەوە هەیە.