بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە پێناو هەوڵەكانی بۆ كوتانی منداڵان دژی نەخۆشی سورێژە، زانیاری پێویست رادەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" سورێژە نەخۆشیەكی ڤایرۆسی توندی مەترسیداری درمییە تووشی كۆئەندامی هەناسەدان دەبێت و دواتر بە لەشدا بڵاودەبێتەوە".
زیاتر منداڵان و ژنانی دووگیان مەترسیان لەسەرە
ئاماژەی بەوەشكردووە:" ئەو كەسانەی تووشی سوورێژە دەبن لەهەر تەمەنێكدا بێت، ئەگەر كەسەكە پێشتر سورێژەی نەگرتبێت یاخود كوتانی بۆ نەكرابێت، زیاتر منداڵان و ژنانی دووگیان مەترسیان لەسەرە ئەگەر ڤاكسینیان وەرنەگرتبێت تووشی ئەم نەخۆشیە ببن".
ڕێكارەكانی گواستنەوەی سورێژە چیین
ئەم ڤایرۆسە بەئاسانی لەڕێگەی كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە لەهەوادا لەڕێگەی:
- هەناسەدان و كۆكە و پژمە.
- دەست لێدانی ئەو رووانەی ڤایرۆسەكەیان پێوەیە.
- لەكەسێكی تووشبوو دەگوازرێتەوە بۆ كەسێكی ساغ لەماوەی چوار ڕۆژ پێش دەركەوتنی پەڵەی پێست و چوار ڕۆژ دوای دەركەوتنی پەڵەی پێست لەكاتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە.
نیشانەكانی سورێژە چیین:
نیشانە سەرەتاییەكانی بەگشتی دوای 10 بۆ 14 رۆژ دەردەكەوێت و دوای چوونە ژوورەوەی ڤایرۆسەكە بۆ ناو لەش و دەركەوتنی پەڵەی پێست دوای 7 بۆ 18 رۆژ و ئەمانە نیشانەكاتنی نەخۆشیەكەیە:
- بوونی تایەكی بەهێز و كۆكە و هەڵامەت.
- پەڵەی سەر پێست.
- سووربوونەوە و تەڕیی چاوەكان.
دوای 3 بۆ 5 رۆژ لەدەركەوتنی نیشانە سەرەتاییەكانی پەڵە لەسەر پێست دروست دەبێت بەشێوەی پەڵەی سوور بەبێ كێم و برین، پەڵەكان لەدەم و چاو و بەشی سەرەوەی مل دەستپێدەكات تاپشتی گوێیەكان، لەوانەیە لەمنداڵی شیرەخۆر و منداڵی دیكە سكچوون دروستبكات.
دەرەنجامە لاوەكیەكانی دوای تووشبوون بە سورێژە:
- سكچوونی توند و رشانەوە.
- هەوكردنی گوێ و هەوكردنی سییەكان.
- هەوكردنی مێشك (هەڵاوسانی مێشك) پێدەچێت ببێتە هۆی كەڕبوون یان كێشەی بیر و هۆش.
- كەڕبوون یان كوێربوون.
- لەبارچوونی منداڵ لای دایكی دوگیان یان مردنی كۆرپە لەسكی دایكی یان پێشوەختە لەدایك بوون.
- دابەزینی كێشی منداڵی تازە لەدایك بوو.
رێكارەكانی خۆپاراستن لەسوورێژە:
وەرگرتنی ڤاكسین باشترین رێكاری خۆپارێزییە لە نەخۆشی سوورێژە ، وەرگرتنی ڤاكسین بەرگری درێژخایەن دەدات بەرامبەر نەخۆشی سورێژە كە دەگاتە 97%.
چی بكرێت لەكاتی تووشبوون بە سورێژە:
- مانەوە لەماڵەوە و دوركەوتنەوە لەشوێنە گشتیەكان و بەكارنەهێنانی هۆكاری گواستنەوەی گشتی.
- سەردان نەكردنی كەسانی دیكە بەتایبەت ئەوانەی كوتانی سورێژەیان بۆ نەكراوە.
- وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن و لەدەوام تاوەكو بەچاكبوونەوەی تەواوەتی.