زۆرجار لەلای خانمان دەبێتە پرسیار ئاخۆ سكپڕی دوو كۆرپەلە بەچی و چۆن روودەدات و هۆكارەكانی چیین، بۆ ئەم نەبەستەش پزیشكێكی پسپۆڕ وەڵام دەداتەوە.
خێڵان كەریم بەرزنجی، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری، نەخۆشییەكانی ژنان، منداڵبوون، نەزۆكی و چاودێری دووگیان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" ئەم بارودۆخە بەمانای بوونی دوو كۆرپەلە لە ناو مناڵداندا دێت و كۆمەڵێك هۆكار هەن بۆ ئەوەی سكپڕی دووان رووبدات".
ئەو هۆكارانەی پەیوەستن بەم بارودۆخەوە بریتین لە:
- ئەگەر یەك هێلكە بپیتێنرێت بە یەك سپێرموە ئەوا هێلكە پیتێنراوەكە دابەش ببێت بۆ دوو كۆرپەلە، لێرەدا بەرهەمی سكپڕی یەكە دوو كۆرپەلەی تەواو هاوشێوەی یەك دەبێت.
- ئەگەر دوو هێلكە بە دوو سپێرم بپێتێنرێن ئەوا بەرهەمی سكپڕی یەكە دووكۆرپەلەی نا هاوشێوە دەبێت.
كێن ئەو خانمانەی كە سكپڕی دووانەیان دەبێت؟!
سكپڕی دووانە ئەگەری هەیە لەم خانمانەدا دروست ببێت:
- تەمەنی دایك: لەگەڵ گەورە بوونی تەمەنی دایك ڕێژەی سكپڕی دووانە زیاد دەكات، دەركەوتووە سكپڕی دووانە لەوخانمانەدا زۆرە كە تەمەنیان لە كۆتایی 30ییەكندایە.
- ئەو خانمەی چەند منداڵێكی دیكەی هەیە.
- بۆماوەیی لە خێزانی خانمەكە: واتە بوونی سكپڕی دووانە لە خێزانی خانمەكە.
- دەرمان: بەكارهێنانی دەرمانی چارەسەری نەزۆكی و بەهێزكردنی هێلكەدان.