كۆزانیارییەك دەربارەی چاندن و هۆكارەكانی سستبوونی گورچیلە

تەندروستی پێش 4 هەفتە

Alternate Text

پزیشكێكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە، میزەڕۆ و نەزۆكی پیاوان لە چەند بەشێكدا زانیاری لەبارەی چاندنی گورچیلەوە دەخاتەڕوو.

 دكتۆر كاوە فەقێ رەحیم، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە، میزەڕۆ و نەزۆكی پیاوان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" چاندنی گورچیلە بریتییە لەوەرگرتنی گورچیلەی ساخی كەسێكی زیندوو یان مردوو و دانانی بۆ نەخۆشێك كە هەردوو گورچیلەی سست بووبێت و لەكاركەوتبن و ئەمە وەك بەباشترین چارەسەری وەستانی گورچیلە دادەنرێت".

سست بوونی گورچیلە بە شێوەیەكی گشتی دوو جۆرە:

 1. وەستانی كوتوپڕ:

ئەم حاڵەتە بریتیە لەوەی كە گورچیلەی نەخۆشەكە لەپڕ بەهۆی هەنێ هۆكارەوە سست دەبێت، ئەم حاڵەتە زۆربەیكات ماوەیەكی كەم لە چەند رۆژێك بۆ چەند هەفتەیەك دەخایەنێت و پاشان گورچیلەكان ووردە ووردە دەكەونەوە كار و بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕۆن كاتێك كە هۆكارەكە چارەسەر دەكرێت.

هۆكارەكان ئەمانەی خوارەوەن:

- سك چوون و رشانەوەی زۆر.

- خوێنبەربوونی زۆر.

-  هەوكردنی خوێن.

- هەستیاری بەدەرمان یان خواردن.

- هەنێ دەرمان.

- گیرانی كوتوپڕ لەڕێڕەوی میزدا وەك بەردی گورچیلە.

2. وەستانی درێژخایەن:

ئەم جۆرەیان سست بوونەكە ماوەیەكی زۆرە دەستی پێكردووە كە نەخۆش هەستی پێ نەكردووە، زۆرجار بەڕێكەوت هەستی پێكرێت كە نەخۆشەكە سستی گورچیلەی هەیە بە تایبەت لە قۆناغەكانی سەرەتادا، لەم جۆرەیاندا هەرگیز سست بوونەكە چاك نابێت و دەمێنێتەوە؛ بەكارهێنانی چارەسەر بۆ راگرتنی ڕێژەی سست بوونەكەیە بۆ ئەوەی نەگاتە قۆناغی كۆتایی و پێویست بە غسل و چاندنی گورچیلە نەكات.

هۆكارەكانی سست بوونی درێژخایەن:

 - هەزكردنی درێژخایەنی گورچیلە كە چەند جۆرێكە.

- نەخۆشی شەكرە.

- نەخۆشی بەرزی فشاری خوێن.

- تەسك بوونەوەی بۆری خوێنی گورچیلە.

- نەخۆشی شیبوونەوەی خوێن.

- كیسی زۆری گورچیلەی بۆماوەیی.

- گیران لە ڕێڕەوی میزدا.

- گەڕانەوەی میز لە میزەڵدانەوە بۆ گورچیلە.

- نەخۆشی ئەلپۆرت كە بۆماوەییە.

- لابردن و پوكانەوەی گورچیلە بەهۆی نەشتەرگەرییەوە.

سست بوونی گورچیلەی درێژ خایەن بە پێنج قۆناغدا تێەپەڕێت: 

 قۆناغی یەكەم : گورچیلە 90% زیاتر كاردەكات. 

قۆناغی دووەم : گورچیلە لە نێوان 60-90% كار دەكات.

قۆناغی سێیەم : گورچیلە لە نێوان 30-60% كاردەكات.

قۆناغی چوارەم: گورچیلە لە نێوان 15-30% كاردەكات. 

قۆناغی پێنجەم: گورچیلە 15%ی كاردەكات. 

نەخۆش لە قۆناغی یەكەم و دووەم هیچ نیشانەیەكی نیە، لە قۆناغی سێیەمەوە نەخۆش نیشانەی دەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا